لەلایەن سوپای عێراقەوە
رێگە نادرێت جوتیارانی ناحیەی سەرگەڕان دروێنە بکەن
964+
توانا نەقی
وەرزی دروێنەی گەنم دەستیپێکردووە و سەرباری کێشە زۆرەکانیان لەسەر زەوی، جوتیارە کوردەکان ئیستا ریگریشیا لێ دەکرێت کە بەرووبوومەکانیان دروێنە بکەن و حاسڵاتی ئەمساڵیان بە فیڕۆ نەچێت.
محەمەد سەرگەڕانی نوێنەری جوتیارە کوردەکانی ناحیەی سەرگەڕان بە 964ـی وت، لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان پێنج گوند هەیە کە زەویەکانیان کێشەی لەسەرە لەنێوان “عەرەبی هاوردە” و جوتیارە کوردەکان و تا ئیستاش چارەسەر نەکراوە.
وتیشی، زەوییەکان ئێستا بەدەست کوردەوەیە، جوتیارەکانیش ئەمساڵ تۆویان کردووە، بەڵام لە پێرێوە لەلایەن سوپای عێراقەوە ئاگادارکراونەتەوە کە ناهێڵن بەرهەمەکانیان دروێنە بکەن.
“هەموو ساڵێک ئەو کێشانەمان بۆ دروست دەکەن و سەرەتا ناهێڵن دروێنە بکەن، دواتر بە زۆر دەیکەن، بۆ ئەمساڵیش ئەگەر نەهێڵن خۆپیشاندان دەکەین و خێمە هەڵدەدەین، بەڵام جارێ چاوەڕێی چارەسەرین” محەمەد سەرگەڕانی وای وت.
ئەو نوێنەرەی جوتیاران دەڵێت، لە ئەگەری ئەوەی نەهێڵن بەرووبوومەکانیان دروێنە بکەن جگە لە زیانی مادی کە پێیان دەگات مەترسی سووتانی دەغڵودانەکەش زۆر دەبێت، بۆیە داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بە هانای جوتیارانەوە بێن و کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکەن و بە زوترین کات دەستبکەن بە دروێنە.
ناحیەی سەرگەڕان سەربە پارێزگای کەرکوکە و دەیان گوندی لەسەر بەشێک لەو گوندانە کێشەی زەویوزاریان هەیە لەگەڵ جوتیارانی عەرەب و زۆرجار بۆ داواکردنی چارەسەر کردنی کێشەکانیان گردبوونەوە ئەنجام دەدەن.