تەنیا لە مانگی رابردوو 10 کەس دەستگیر کراوە

پۆلیسی دهۆک بەردەوامە لە دەستگیر کردنی راوچیانی ماسی

964+

زەید کۆچەر  – دهۆک

پۆلیسی دهۆک دوای بڕیاری قەدەغەکردنی راوەماسی ژمارەیەک سەرپێچیکاری لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستگیر کردووە و ژمارەیەکی زۆر کەلوپەلی ماسیگرتنیش دەستی بەسەردا گیراوە.

ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیر کراون زۆربەیان لە نزیک ئاوی رووباری دجلە و بەنداوی موسڵ ماسیان گرتووە.

هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە 964ـی راگەیاند، بنکەی پۆلیسی دەریاکان سەر بە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆک رووبەرێکی گەورەی لەبەردەستدایە بۆ کۆنترۆڵ کردن و نەهێشتنی راوچییەکانی ماسی لە سنوورەکە، رووبەرەکە زیاتر لە 100 کیلۆمەتر دەبێت، کە ئاوی رووباری دیجلەیە و هەروەها ئاوی بەنداوی موسڵ.

وتیشی، لە مانگی رابردوو نزیکەی 10 تۆمەتبار دەستگیر کراون و 174 تۆڕی ماسی گرتن و 25 بەلەم و 4 پاتری قەبارە گەورە و ژمارەیەک لە مۆلیدەی کارەبا، کە ئەمانە هەمووی قەدەغەن و هەمووی دەستی بەسەردا گیراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەکی زیاتر راوچی کە سەرپێچییان کردووە بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و تا ئیستا نەیانتوانیوە دەستگیریان بکەن.

بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوام دەبێت بۆ ئەو کەسانەی بە نایاسایی راوەماسی ئەنجام دەدەن و هەر کەسێک سەرپێچی بکات تووشی سزای یاسایی دەبێت و دەستگیر دەکرێت، وتەبێژی پۆلیسی دهۆک وای وت.

لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمەوە لە رۆژی 5.3.2024 تاوەکو 15.6.2024 وەرزی قەدەغەکردنی راوەماسی بەهۆی گەرادانانەوە راگەیندراوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی