"دەکرێت باشتر بکرێن"
روانگه‌ی (ئیكۆ): لە عێراق 81 بانك خزمه‌تگوزاریه‌كانیان به‌پێی پێویست نین
فەرهاد حەسەن
روانگه‌ی “ئیكۆ عێراق”، ژماره‌ی ئه‌و بانكانه‌ی له عێراق كارده‌كه‌ن له ریزی به‌رزترین بانكه‌كاندان له وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵام خزمه‌تگوزارییه‌كانیان هێشتا به‌پێی پێویست نین، له كاتێكدا عێراق بانكی ئه‌لیكترۆنی یه‌كگرتوی نییه.
“ئیکۆ عێراق” روانگەیەکی سەربەخۆی ئابوورییە، بە شێوەیەکی بابەتیانە چاودێری پرسەکانی عێراق و ناوچەکە دەکات، شیکاریی ورد پێشکەش دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی زانیاری و بڕیاردان.
روانگهکە ئه‌مڕۆ شه‌ممه له راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، “كه‌رتی بانكی له عێراق له ئێستادا یه‌كێكه له كه‌رته چالاكه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ژماره‌ی ئه‌و بانك و نوێنه‌رایه‌تیانه‌ی له‌و وڵاته‌دا كارده‌كه‌ن ده‌گاته 81 دامه‌زراوه‌ی بانكی”.
روونیشیكرده‌وه، ئه‌و دامه‌زراوانه به‌سه‌ر هه‌شت بانكی حكومی و 24 بانكی بازرگانی ناوخۆیی و 31 بانكی ئیسلامی ناوخۆیی دابه‌شكراون، جگه له 16 بانكی بیانی و دوو نوسینگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی بانكه بیانییه‌كان، هەروەها بوونی 20 كۆمپانیای پاره‌دانی ئه‌لیكترۆنی و 25 ملیۆن كارتی بانكی چالاك.
به‌گوێره‌ی راگەیەندراوەکەی روانگه‌ی ئیكۆ عێراق، سه‌ره‌ڕای ئه‌و ژماره زۆره‌ی بانك و دامه‌زراوه داراییه‌كان كه له عێراقدا كارده‌كه‌ن، رۆڵی ئابوری و خزمه‌تگوزارییان سنورداره، هه‌روه‌ها به‌ته‌واوی هاوسه‌نگ نه‌بوون له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه ته‌كنه‌لۆژییه‌كانی كه‌رتی بانكی به‌تایبه‌تی له بواری بانكی ئه‌لیكترۆنیدا، به‌و پێیه‌ی هێشتا بانكی ئه‌لیكترۆنی عێراقی به‌ته‌واوی یه‌كگرتو نییه.
کەرتی بانکی لە عێراقدا لەم ساڵانەی دواییدا پەرەسەندنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و خزمەتگوزارییە مۆدێرنەکانی وەک قەرز، کارتی ئەلیکترۆنی و بانکی دیجیتاڵی پێشکەش دەکات، لە ئێستادا هاوڵاتیان و فەرمانبەران دەتوانن سوود لە چەندین خزمەتگوزاری جۆراوجۆر وەربگرن.