زۆربه‌یان له هه‌ولێره
ئه‌مساڵ 25 كرێكار به‌هۆكارى جیاواز گیانیان له‌ده‌ستداوه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
به‌پێی نوێترین ئامار كه رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لە کوردستان، بڵاویكردووه‌ته‌وه، له‌ماوه‌ى چوار مانگى ئه‌مساڵدا 20 كرێكار به هۆكارى جیاواز گیانیان له‌ده‌ستداوه.
رێكخراوه‌كه ده‌ڵێت، بەشی ئاماری دەنگی کرێکار ساڵانە ژمارەی قوربانیانی شوێنی کار رادەگەیەنێت و ئه‌م ئاماره‌ى ئێستاش له رێكه‌وتى 1.1.2024 تاوه‌كو 28.4.2024 ـه.
19 كرێكار له‌هه‌رێمی كوردستان گیانیان له ده‌ستداوه و یه‌ك كرێكاریش له كه‌ركوك و ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان.
له سلێمانى هه‌شت كرێكار، هه‌ولێر نۆ كرێكار و له دهۆكیش دوو كرێكار، گیانیان له‌ده‌ستداوه.
له‌باره‌ى هۆكاره‌كانى گیان له‌ده‌ستدانى كرێكاره‌كان رێكخراوه‌كه ئاشكراى ده‌كات كه حه‌وت كرێكار به حاڵه‌تى كاره‌با گرتن، یه‌ك كرێكار به‌هۆى داڕمان، پێنج كرێكار به‌هۆى كه‌وتنه‌خواره‌وه، شه‌ش كرێكاریش كه‌وتوونه‌ته ژێر ئامێر و مه‌كائینه‌كان و یه‌ك كرێكاریش به‌هۆى خوێنبه‌ربوونه‌وه گیانى له‌ده‌ستداوه.
باسی له‌وه‌ش كردووه كه به‌هۆى رووداوەکەی كێڵگه‌ى کۆرمۆر كه سێ رۆژ له‌مه‌وبه‌ر روویدا، چوار کرێکار گیانیان لەدەستداوه و لەم ئامارەدا ئاماژه‌ى پێنه‌كراوه.
شه‌وى رابردووش له‌هه‌ولێر کرێکارێکى گەنج لە کاتى کارکردن لە یەکێک لە باڵەخانەکانى ئه‌و شاره دەکەوێتە خوارەوە و گیان لەدەستدەدات، بەمەش کۆى گشتى ئەو کرێکارانەى لە 1.1.2024ـەوە تا ئەمڕۆ گیانیان لەدەستداوە، ژمارەیان 25 کرێکارە.
به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ى كه 964 پێشتر له رێكخراوى کرێکارانی بیناسازی لە کوردستان وه‌ریگرتبوو، ساڵى رابردوو 73 كرێكار گیانیان له‌ده‌ست دابوو، كه 52 كرێكاریان له‌ناو شاره‌کانى هه‌رێمی كوردستان و 21 كرێكاریش له ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان بووه.