عەلی لاریجانی پیاوە 10 رووخسارەکە

ئیسرائیل مەترسیدارترین پیاوی ئێرانی کردە ئامانج  “دەستەمۆ نەکرا و نەبووە سیخوڕ”

فەرهاد حەسەن

ئەو پیاوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران پشتی پێ بەستبوو لە داڕشتنی بڕیارە چارەنووسسازەکانی وڵاتەکەیدا و ئەویش لە ناخی خۆیدا بڕوای وابوو کە ئەو رێبەری داهاتووی ئێران دەبێت.

پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی ئیسڕائیل لە کوشتنیدا دواکەوت و زووتر نەیکردە ئامانج؟

بێگومان، باسی عەلی لاریجانیتان بۆ دەکەم .

لاریجانی کە رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە لەلایەن ئیسڕائیلەوە کرایە ئامانج، بەرپرسێکی ئاسایی ئێرانی نەبوو، بە تەنیا بە رووخسارێک دەرنەکەوتووە، بەڵکو لەناو لووتکەی دەسەڵاتی ئێراندا 10 رووخساری دەسەڵاتی خۆی دنواند.

ئەفسەرێکی پێشووی سوپای پاسداران بوو.

سەرۆکی پەرلەمان ولاتەکەی بوو

سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، و بەرپرسی یەکەمی میدیا و راگەیاندن و دروستکەری پڕوپاگەندەی وڵاتەکەی بوو.

ئەندازیاری ئەو بڕیارانە بوو کە لای خۆیەوە دەستیان پێدەکرد و هەر لای خۆشییەوە کۆتاییان پێدەهات، هەمان کاتدا، مامۆستای فەلسەفە، نووسەری شەش کتێب دەربارەی بیرکردنەوە و زانست، پیاوێک بوو باس لە ئازادییەکان دەکرد و فیشەکی بەو کەسانەشەوە دەنا کە بیزانیبا سنوورەکەی دەبەزێنن.

هەموو ئەوانەی سەرەوە وایان کردبوو کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل گرەوی لەسەر بکەن، چونکە وەک کاریزمایەک دەیانبینی کە دەتوانێت لە دوای خامنەییەوە کۆنتڕۆڵی تەواوی ئێران بکات، بەڵێ پیاوێکی بەهێز و پراگماتی لە رۆژئاوا تێدەگەیشت و دەیزانی کە چۆن بە زمانی ئەوان قسەبکاتک بەڵام رۆژئاواییەکان لە یەک شتی ئەم پیاوە تێنەدەگەیشتن، کە بەو رادەیە کەسێکی هەڵپەرست نەبوو و نەشیاندەتوانی وەکو سیخوڕێک دەستەمۆی بکەن، بۆیە بڕوایان وابوو کە لاریجانی پڕۆژەیەکی تایبەتە بۆ داهاتووی ئێران.

بەڵێ، لێرەوە ناکۆکییەکە دەستی پێکرد، لاریجانی نەیدەویست پیاوی قۆناغێکی راگوزەر بێت، بەڵکو هەوڵیداوە خۆی بکاتە چەقی هێزە نوێیەکە. بۆیە راستەوخۆ و بێمنەتانە تەحەدای ترەمپی کرد، لە هەموو بۆنەیەکدا باسی لە لەخۆباییبوونەکانی ئەم سەرۆکەی ئەمریکای دەکرد و هەوڵیدا وەک رکابەرێکی جیهانی دەربکەوێت، نەک تەنیا بەرپرسێکی ئێرانی.

لەناوخۆی وڵاتەکەشیدا چونکە هەموو دەزگاکانی دەوڵەت بەژێر دەستی ئەودا تێپەڕیبوون، هەموو شتێکی لەبارەی راگەیاندن، ئاسایش، دادوەری، سیاسەت دەزانی، تەنانەت خودی خێزانەکەشی تۆڕێکی هەژموونئاسای ناو ئێران بوونک جگە لەوەی لە پیاوێکی ئایینی گەورە لەدایکبو بوو، یەکێک لە براکانی سەرۆکایەتی دەزگای داد و یەکێکی دیکە راوێژکاری رێبەر و برایەکی جێگری وەزیر و هاوسەرەکەشی کچی یەکێکە لە گرنگترین ئایکۆنەکانی شۆڕشی ئیسلامی بوو، بە کورتی، هەموو دەسەڵات و سیستمە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵاتی لە ناو بازنەی لاریجانی دەجوڵانەوە.

بەڵام، مەترسیدارترین رووی لاریجانی دەسەڵات نەبوو، بەڵکو بیرۆکە و تێڕوانینی بوو، ئەو نە بە تەواوی بڕوادار بوو بە ویلایەتی فەقیهـ، نە رەتکەرەوەی بوو، وایدەبینی کە راستی چەندین رووی هەیە و دەوڵەتیش دەتوانێت ئاین و زانست لەلایەک و سەرکوتکردن و ئازادی بەیەکەوە کۆبکاتەوە، ئەمە وایکردبوو لاریجانی مەترسیدارتر بێت لە هەر توندڕەوێکی تەقلیدی، چونکە دەتوانێت پاساو بۆ هەموو شتێک بهێنێتەوە.

لەبەر هەموو ئەمانەی سەرەوە، رۆژئاواییەکان وەکو ئەندازیاری سەرکوتکردن وەسفیان کرد، چونکە پیاوێک بوو وڵاتەکەی لە مەترسیدارترین ساتەکانیدا پەنای بۆ دەبرد، بەڵام کۆتاییەکەی بە شێوەیەکی جیاواز بوو.

کەواتەک بۆچی ئیسڕائیل لە کوشتنی لاریجانیدا خۆی دواخست و هەر لەسەرەتاوە وەکو ئەوانەی دیکە نەیکردە ئامانج؟ چونکە گرەوی لەسەر کردبوو بۆ داهاتووی ئەم وڵاتە، بەڵام کاتێک بۆی دەرکەوت کە ناتوانرێت ئاڕاستە بکرێت و وەکو سیخوڕێکیش مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت ناچار دۆسیەکە یەکلا کردەوە.

لێرەدا دوا پرسیار ئەوەیە: ئایا چیرۆکی لاریجانی کۆتایی هات؟ یاخود کوشتنەکەی دەرگایەکی نوێی ململانێ لەناو ئێراندا دەکاتەوە، لەسەر ئەوەی کە کێ دەسەڵاتی دوای ئەو دەبێت؟