مێشوولەکان دەرگای زانکۆی گەرمیانیان داخست

میدیازان – هونەر فارس – گەرمیان

ئەم بەیانییە، خوێندکارانی بەشەناوخۆیی زانکۆی گەرمیان لەبەردەم زانکۆکەیان گردبوونەوە، گلەییان هەبوو لە دەست مێش و مەگەزی شوێنی مانەوەیان، داوای چارەسەریان کرد.

 بەهۆی گردبوونەوەکەوە دەرگای زانکۆی گەرمیان داخرا، ناڕازییەکان رێگەیان نەدا خوێندکارانی دانیشتووی کەلاریش بچنە ناو زانکۆ.

 نەبوونی ئامێری پێویست بۆ فێنککردنەوە و کەمیی ئاو بەشێکی دیکەن لە داواکارییەکانیان.

محەمەد قادر، خوێندکاری قۆناغی دووی زیندەوەرناسییە لە زانکۆکە، بۆ میدیازانی باسکرد، “بەشێک لە پێداویستی بەشە ناوخۆییەکان بە تەواوی کۆن بوون و بەکەڵکی بەکارهێنان نایەن، بەشێکی دیکەی نهۆمەکان ئاوی خواردنەوەیان تێدا نییە، بەدەر لەمانە بەشە ناوخۆییەکان گەرمە و کە پەنجەرەکان دەکەینەوە مێشولە و مار و مێروو خۆیان بە ژوورەکەدا دەکەن”.

 ئەو دەڵێت، چەندین خوێندکار بەو هۆیەوە بەشێکی جەستەیان بووە بە برین.

 میدیازان دەزانێت، خوێندکارەکان داواکارییەکی 21 خاڵییان داوەتە بەرپرسانی زانکۆکە، ئەوانیش وتویانە کۆدەبنەوە و وەڵامیان دەدەنەوە.  لە ئێستادا دەوامی خوێندکاران دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام ناڕازییەکان هەڕەشەیان کردووە لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکانیان دەست بە گردبوونەوە دەکەنەوە.