تەنیا (دەڵاڵ)ەکان ناگرێتەوە

وردەکاری لێخۆشبوونەکەی رسووماتی ئەندامانی ژووری بازرگانی بڵاوکرایەوە

فەرهاد حەسەن

ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، وردەکاری لێخۆشبوونەکەی رسووماتی ناسنامەی ئەندامانی بڵاوکردەوە و لەهەموو خاوەن ناسنامەکان تەنیا جۆری (دەڵاڵ)ی دەستنیشان کردووە کە لێخۆشبوونەکە نایانگرێتەوە.

ئاماژە بە بڕیاری ژمارە (7)ـی کۆبوونەوەی ژمارە (2)ـی خولی دووه‌می ئەنجومەنی کارگێڕیی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە رێککەوتی 18.5.2026، بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت و پێشکەشکردنی کارئاسانیی دارایی بۆ بازرگانان و پیشەسازان، بڕیاری لێخۆشبوون و رێکخستنەوەی رسووماتی ئەندامێتی بەم شێوەیەی خوارەوە راگەیاندووە:

لەبارەی بڕیارەکانی لێخۆشبوون و داشکاندنی رسوومات، تەنیا رسووماتی ساڵانی (2025) و (2026) لە بازرگانان وەردەگیرێت و هەر بازرگانێك تەنیا ساڵی 2025 قەرزار بێت، لێخۆشبوونی بۆ دەکرێت و تەنیا رسووماتی ساڵانی 2026 و 2027ـی لێ وەردەگیرێت.

ئەم لێخۆشبوونە گشت جۆرەکانی ناسنامەی بازرگانی دەگرێتەوە، تەنیا جۆری (دەڵاڵی) نەبێت کە بڕیارەکەی دواخراوە بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو.

بڕیاری لێخۆشبوونەکەش لە رێکەوتی1.6.2026 ەوە جێبەجێ دەکرێت ماوەکەشی تاوەکو 30.11.2026 بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە رێنماییە نوێیەکانی پاراستنی مافی ئەندامێتیش، هەر ناسنامەیەك چوار ساڵ بەسەر نوێکردنەوەیدا تێپەڕ بووبێت، تەرقین دەکرێت، ئەگەر خاوەنەکەی لە هەر کاتێکدا داوای ناسنامەی نوێ بکاتەوە، دەبێت گشت قەرزە کۆنەکانی تاوەکو رۆژی داواکارییەکە بداتەوە.

هەر ئەندامێكیش ناسنامەکەی تەرقین کرابێت یاخود خۆی داوای هەڵوەشاندنەوەی کردبێت، بۆی نییە تاوەکو یەك ساڵ داوای ناسنامەی نوێ بکات.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە دوای کۆتاییهاتنی وادەی ئەم لێخۆشبوونە، هەر بازرگانێك چوار ساڵ بەسەر ناسنامەکەیدا بڕوات و نوێی نەکاتەوە، مافی ئەندامێتی لە ژوور نامێنێت.