پێش واژۆکردنی لە جنێف لە "دۆحە" کۆدەبنەوە
“رێکەوتنەکەی نێوان تاران و واشنتن لە دوای 47 کۆبوونەوەیەکی مێژوویی دەبێت”
فەرهاد حەسەن
ئەمریکا و ئێران رێکەوتنێکی سەرەتاییان راگەیاند بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، سەرۆکی ئەمریکا دهڵێت “رێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران ئێستا تەواو بووە”، بڕیاره جێگرەکەی و گەورە دانوستانكاری ئێرانی قالیباف ئامادهی واژۆکردنەکەبن، پێدهچێت ئەو رێوڕهسمی واژۆکردنە کۆبونەوەیەکی مێژویی نێوان تاران و واشنتن بێت کە لە دوای ساڵی 1979ەوە رووداوێکی هاوشێوەی نەبووە.
بهرپرسانی ئهمریكا و ئێران لە میدیئاکانەوە وتوویانە، بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو لە شاری جنێڤی سویسرا بە شێوەیەکی فەرمی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە واژۆ بکرێت، بەڵام تاوهكو ئێستا وردەکاری رێککەوتنەکە بە فەرمی ئاشکرا نەکراوە.
دوو بەرپرسی ئێرانی قسەیان بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز کردووە و دەڵێن، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە جنێف ئامادە دەبن.
ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەکرد، رووداوی واژۆکردنە کۆبونەوەیەکی مێژوویی نێوان ئێران و ئەمریکا دەبێت، کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی دوای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979 و دەستبەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران پچڕاند، کە دەیان دیپلۆماتکار و کارمەندی ئەمریکی بە بارمتە گیرابوون.
لە لایەنی ئەمریکییەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە بەشداری دەکات و ئاماژەی بە ئەگەری بەشداریکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەشی کردووە.
تاوهكو ئێستا رون نییە کە ئایا ترەمپ بە شێوەی کەسی یاخود لە دوورەوە بەشداری له واژۆكردنی لێكتێگهیشتنهكه دەکات، چونکە هەواڵگری ئەمریکا چەند مانگێک لەمەوبەر ئامۆژگارییان کردبوو کە سەرۆک و جێگری سەرۆک کۆمار پێکەوە گەشت نەکەن بۆ دەرەوەی وڵات.
بەپێی سەرچاوەیەکی دیپلۆماتی ئاگادار کە بۆ کەناڵی “سی ئێن ئێن) قسهی كردووه، لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆبونەوەی ئامادەکاریی جیا لەگەڵ هەردوو لایهن لە دۆحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەدەچێت و زەمینە بۆ واژۆکردنی فەرمی لە سویسرا و دەستپێکردنی دانوستانی تەکنیکی سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران خۆشدەکات.
باس لەوەش کراوە، دوای واژۆکردنی رێکەوتنەکە لە ماوەی 60 رۆژدا دانوستان لەسەر رێکەوتنێکی فراوانتر دەکرێت، لەوانە سوککردنی سزاکانی سەر ئێران، هەروەک کازم غەریبادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە، سەرچاوە ئاگادارەکان پێشتر ئاماژەیان بەوە کردبوو کە چارەنوسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانیش لەم وتوێژانەی دواتردا باس دەکرێت.
سەرەڕای هەموو ئەو گەشبینیانە بۆ رێکەوتنەکەی نێوان ئەم دوو وڵاتە، بەڵام هەندێک لە چاودێران ترسیان هەیە لەوەی کە دانوستانەکانی 60 رۆژە نەتوانێت رێکەوتنی کۆتایی نێوان هەردوو وڵات بەدی بهێنرێت، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشەی دووبارەی دۆناڵد ترهمپ بۆ گەڕانەوە بۆ شەڕ، لە ئەگەری رێکنەکەوتنی لەگەڵ ئێراندا.
جارێ نازاندرێت خاڵەکانی ناوەڕۆکی ئەو لێکتێگەیشتنەی نێوان هەردوولا چییە، بەڵام چەندین بابەتی مشتومڕاویش هێشتا چارەسەرنەکراون، لەوانە بڕی پارەی بلۆككراوی ئێران کە بڕیارە ئازاد بکرێت، لەناوبردنی کۆگای یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی تاران و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز.