دواتر هەنگیان دەدرێتێ
20 دەرچووی کشتوکاڵی لە ئامێدی فێری بەخێوکردنی هەنگ دەکرێن
964+
پێشەوا محەمەد
لە قەزای ئامێدی خولێکی 10 رۆژەی فێرکردنی بەخێوکردنی هەنگ بۆ 20 دەرچووی کشتوکاڵی دەکرێتەوە و بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئامێدی دەڵێت، دوای خولەکە هەنگ دەدرێت بە بەشداربووان.
خولەکە لە لایەن رێکخراوی LWFـی جیهانی بەڕێوەدەبرێت و هەنگەکانیش هەر لە لایەن ئەوانەوە دابین دەکرێت.
هەکار حەمید، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئامێدی بە 964ـی راگەیاند، خولەکە بۆ ئەو دەرچووانەی کشتوکاڵە کە دانەمەزراون و بێکارن.
وتیشی، “ئەو رێکخراوە دەرفەتێکی دروستکردووە بۆ ئەو دەرچووانە کە لە خولەکەدا سەرکەوتووانە فێری بەخێوکردنی هەنگ ببن و دواتر هەنگیان دەداتێ تا ببنە خاوەن پڕۆژەی خۆیان”.
LWF رێکخراوێکی جیهانییە و کاری مرۆیی و گەشەپێدان دەکەن و دەستی ئەو کەسانە دەگرن لە جیهاندا کە پێویستیانە، هەروەها داکۆکی لە چەسپاندنی دادپەروەری و مافی مرۆڤ دەکەن.
“خولەکە لە لایەن کەسانی پسپۆڕەوە بە شێوەی تیۆری و پراکتیکی دەوترێتەوە و دواتریش بڕوانامە بەسەر بەشداربوواندا دابەش دەکرێت”، ئەوەش قسەی هەکار حەمیدە.