خێرخوازێک لە ئەستۆی گرتووە

مزگەوتەکەی ناوبازاڕی زاخۆ بە سەردەمیانە بنیات دەنرێتەوە

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

مزگەوتی حاجی ئیبراهیم لەناو بازاڕی زاخۆ روخێندرا، ئیدارەی شارەکە بڕیاری وایە، لە هەمان جێگە مزگەوتێکی گەورە و سەردەمیانە بنیات بنێتەوە.

مزگەوتی حاجی ئیبراهیم دەکەوێتە سەر لێواری خابوری زاخۆ، لە سەنتەری شار و بازاڕ، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە 50 ساڵ، یەکێکە لە مزگەوتە کۆنەکانی شاری زاخۆ، کە لە ساڵی 1974 لەلایەن حاجی ئیبراهیم محەمەدەوە دروستکراوە، ئیدارەی زاخۆ بڕیاریداوە مزگەوتەکە بڕوخێندرێت و لەشوێنی ئەو مزگەوتێکی بەرفراوان و سەردەمیانە دروستبکرێت.

ئەمڕۆ شەممە 27.4.2024، رەهوان لقمان، نەوەی حاجی ئیبراهیم و جێنشینەکەی بە 964 وتی، “مەرجمان داناوە هەر بەو ناوەبێت و نهۆمی زەمینی مزگەوتەکە بکرێتە بە پارکی ئۆتۆمبێل و بەقەد ژمارەی ئەو دوکاندارانەی ئێستا لە چواردەوری مزگەوتەکە هەن، دوکانیان بۆ دروستبکرێت و زیان بەهیچ کەسێک نەگات”.

19دوکان و دوو ماڵ بەر فراوانبوونی مزگەوتەکە دەکەون، دوکان بۆ هەموویان درەستدەکرێت و دوو ماڵەکەش قەرەبووی خۆیان وەردەگرن، ئەمە بڕیاری لیژنەکەیە،  یونس محەمەد، سەرۆکی شارەوانی زاخۆ بە 964ی وت، “زیان بەر هیچ کەسێک ناکەوێت، خێرخوازێک بە داوا پێشکەشکردن کاری بنیات نانەوەکەی لە ئەستۆ گرتووە”.

بە گوێرەی دیزاینە نوێیەکە بێت، مزگەوتێکی مۆدێرن بەدیزاینێکی سەرنجڕاکێش و سەوزاییەکی زۆڕ دروستدەکرێت، وە پارکی ئۆتۆمبێلیش لە ژێرەوەی مزگەوتەکە دروستدەکرێ، و شوێنی زیاتر لە پێنج هەزار نوێژخوێن بە دوو نهۆم فەراهەم دەکات،  “مزگەوتی حاجی ئیبراهیم، جگە لەوەی مزگەوتێکە بۆ نوێژخوێنان، بەهۆی ئەوەی دەکەوێتە سەنتەری بازار بۆ گەشتیاران و پەیڕەوانی ئاینی، بووەتە شوێنێکی حەوانەوە و دینداری، کەبەر لە رووخاندن بەقسەی چوار دەوری مزگەوتەکە بێت، رۆژانە 10 تا 15 هەزار کەس روویان لێکردوووە”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا