لە ریزبەندییەکە پلەى چەندى گرتووە؟

عێراق پێویستى زۆرى بە مامان و پەرستارە

964+

وریا فەتاح

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەى کە کێشەى کەمى پەرستار و مامانى هەیە، بەشێوەیەک بۆ هەر 10 هەزار کەسێک تەنیا 22.5 مامان و پەرستارى هەیە.

لە جیهاندا 35 وڵات هەن کە بۆ هەر هەزار کەسێک کەمتر لە پەرستارێک یان مامانێکیان هەیە، بەپێى توێژینەوەیەکى گۆڤارى SEO World، پێوانەى وڵاتانى کردووە و بۆ هەر 10 هەزار کەسێک ژمارەى پەرستار و مامانەکانى دیارى کردووە.

بەپێى توێژینەوەى گۆڤارەکە، سۆماڵ پلەى یەکەمى وڵاتانى جیهانى گرتووە لە رووى کەمى پەرستار و مامان، بەشێوەیەک لە هەر 10 هەزار کەسێک 1.13 مامان و پەرستار هەیە و دواى ئەویش کامیرۆن و ژمارەیەکى دیکەى وڵاتانى ئەفەریقا دەبینرێن.

لە کۆى 190 وڵات، عێراق ریزبەندى 72ـى وڵاتانى جیهانى دەبینرێت، بەشێوەیەک بۆ هەر 10 هەزار کەسێک 22.5 پەرستار و مامان هەیە و لە جیهانى عەرەبیشدا، عێراق پلەى هەشتەمى گرتووە، بەڵام لە پێش یەمەن و سودان و مەغریب و سوریا و جەزائیر و میسر و لوبنانەوەیە.

وڵاتانى ئەسکەندەنافی و ئەوروپییەکان بەدوورن لە کێشەکە، بەتایبەت فینلاندا کە بۆ هەر 10 هەزار دانیشتویەک 223.2 پەرستارى هەیە و پلەى یەکەمى وڵاتانى گرتووە، سویدیش بە 215.9 پلەى دووەمى گرتووە.

راپۆرتەکە جەخت لەسەر ئەو رۆڵە گرنگە دەکاتەوە کە پەرستاران و مامانەکان لە چاودێری تەندروستیدا دەیگێڕن، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکاندا کە زۆرجار ئەوان تاکە پشتگیری پزیشکی بەردەستن، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە تێچووى نەخۆش لاى پزیشکەکان بەرزترە و زۆرینەشیان لە شارەکانن.

راپۆرتەکە جەختى لەوەش کردووەتەوە کە بەبێ پەرستار و مامان، بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییە درمیەکان و کە بە ڤاکسین دەتوانرێت رێگری لێبکرێت وەک سورێژە، سیل، مەلاریا و ئایدز، زۆر قورستر دەبێت.

سەنتەری گەشەپێدانی پەرستاری و پزیشکی منداڵبوون لە هەو...

سەنتەری گەشەپێدانی پەرستاری و پزیشکی منداڵبوون لە هەولێر کرایەوە