بۆردومانی تورکیا زیانی لێداون
20 شوێنی گەشتیاری داوا دەکەن قەرەبوو بکرێنەوە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
لە سنووری ناحیەی شێلادزێ، خاوەن شوێنەکانی گەشتیاری، کە بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا روخاون، داوای قەرەبوو دەکەن، گەشتوگوزاری ئامێدیێش دەڵێت، بەدواداچونیان بۆ بابەتەکە کردووە و چاوەڕێن رەوشی ناوچەکە ئاسای ببێتەوە.
ناوچەی گەشتیاری “کوچکا و ئاڤا مارک” لە ساڵی 2022ـەوە بەهۆی ناسەقامگیری ناوچەکە و بۆردومانەکانی تورکیا چۆڵکراوە.
بەپێی زانیارییەکانی 964، چەند مانگێکە پاسەوانی سنووری عێراق لەو ناوچانە بازگەیان داناوە و رەوشی ناوچەکە بەرەو ئاسایبونەوەیە و خاوەن شوێنی گەشتیاری “کۆچکا و ئاڤا مارک” داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەن قەرەبوو بکرێنەوە، کە ساڵی 2022 فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانی کردوون.
زیاد رێکانی، خاوەنی سەیرانگایەکی گەشتیاریە لە ئاڤا مارک، بە 964ی وت، “نزیکەی 20 ساڵ لەو شوێنە گەشتیارییە کارم دەکر و کەپر و مارکێتمان هەبوو، بەلام لە 16.4.2022 شوێنەکەمان چۆڵکرد”.
وتیشی، تەنیا مارکێتەکەی ئەو نزیکەی شەش ملیۆن دینار زیانی پێگەیشتووە، جگە لە کەپرەکان، چەندین جار داوایان کردووە قەرەبوو بکرێنەوە و چاوەرێی بڕیارێکن لە لایەنی پەیوەندیدار.
حهمید محهمهد ساڵح، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئامێدی بە 964ی وت، ماوەی دوو ساڵە ناوچەی گەشتیاری “کۆچکا و ئاڤا مارک” بەهۆی نەسەقامگیری چۆڵکراوە و زیان بە خاوەن سەیرانگەکان گەیشتووە.
وتیشی، “کۆبونەوە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار دەکەین لەسەر بابەتی قەرەبووکردنەوەی خاوەنی شوێنی گەشتیاری”.
964 دەزانێت، لە ساڵی 2011 بەدواوە ناوچەکە شوێنێکی گرنگی گەشتیاری بووە، لە هەر چوار وەرزەی ساڵ گەشتیاری لێبووە، بەڵام لە ساڵی 2022ـەوە تاکو ئێستا چۆلکراوە و سەیرانگاکان داخراون.
پێداچوونەوە: هاوبەش