نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق:
لە سبەینێوە کاری کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم دەستپێدەکاتەوە و ئاسایشیان بۆ دابین دەکرێت
فەرهاد حەسەن
سەرۆک وەزیران دەستپێکردنەوەی کاری کۆمپانیا نەوتییەکانی لە هەرێم راگەیاند و بڕیاریسی داوە کە ئاسایشی تەواو بۆ کاری کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێم دابین بکات.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بە سەرۆکایەتی وەزیری سامانە سروشتییەکان و نوێنەرانی ژمارەیەک لە کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکانی کارا لە هەرێم لەگەڵدابووە، جگە لە وەزیرانی دەرەوە و نەوتی عێراق سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراقی ئامادە بووە.
بەپێی بەیاننامەکە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە لە سبەینێ پێنجشەممەوە کاری کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە و جەختیشیکردەوە لەسەر کاری هاوبەش و دابینکردنی ژینگەی گونجاو و پێداویستییە بنەڕەتییەکان کردووەتەوە.
دەشڵێت، سەرۆك وەزیران بڕیاریدا بە دابینکردنی سەرجەم ئەو پێداویستییانەی کە دەستەبەرکردنی ئاسایشی کاری کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێم دەکەن.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، کە ئەو زیانەی بەر عێراق کەوتووە بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە گەورە بووە، ئەمەش پێویستی بە دوو هێندەکردنی هەوڵەکان هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانە لە رێگەی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی رێگرن لە زیادکردنی بەرهەمهێنان.