باخدارەکان نیگەرانن

تەپوتۆزى بارهەڵگرەکان باخەکانى شکارتەى کەم بەرهەم کردووە

+964
ژێوار خدر – راپەڕین

بەهۆی نۆژەنکردنەوەی رێگای شکارتە – بالیسان، هاتوچۆی بارهەڵگرەکان کەوتووەتە سەر رێگای باخەکانی شکارتە، و تەپوتۆزەکەی کاری کردووەتە سەر رەز و باخەکانی ئەو ناوچەیە و باخدارەکانی نیگەران کردووە و دەڵێن، کاریگەری دەبێت لەسەر بەرهەمی ئەمساڵمان.

زرار عەزیز، خاوەنی یەکێک لەم باخانەیە قسەی بۆ 964 کرد و وتی: بەدرێژایی رێگای شکارتە بۆ بالیسان باخی زۆر هەن و هاتوچۆی بارهەڵگرەکانیش تەپوتۆزی زۆر دروست دەکات و ئەمەش کاری کردووەتە سەر باخەکانمان، و وادەکات بەروبوممان کەم ببێتەوە.

ئەو خاوەن باخە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان پەیوەندییان کردووە بە لایەنی پەیوەندیدارەوە و رۆژانە رێگاکە ئاوپڕژێن دەکرێت، بەڵام سودێکی ئەوتۆی نیە، چونکە ژمارەی بارهەڵگرەکان زۆرە و بەردەوام لەوێوە رەت دەبن.

ئیبراهیم مەحمود بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان قسەى بۆ 964 کردى و وتى،”بەهۆی ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا زۆربەی رێگاکانی هاتوچۆی وەک سماقوڵی و کۆیە و سکتان بەڕووی بارهەڵگرەکاندا داخراون، هەموو هاتوچۆکە کەوتووەتە ئەم ناوچەیە، ئێمە لەگەڵ سەرووی خۆمانەوە لەسەر خەتین بۆ ئەوەی هەوڵبدەن رێگاکان بکرێنەوە و چیتر ئەو لۆدە زۆرە لەسەر رێگاکە نەمێنێت و کەمتر ئەو رێگایە بەکار بهێنن”.

روونیشیکردەوە، ئەوان کۆمپانیایان راسپردووە بەردەوام رێگاکە ئاو پڕژێن بکەن لەپێناو کەم کردنەوەی زیانەکان بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی بارهەڵگرەکانەوە ئەوانیش فریای رشاندنی هەموو رێگاکە ناکەون.

سەبارەت بە کاریگەری تەپوتۆزەکە لەسەر باخەکان 964 پەیوەندی کرد بە خالید حەسەن لە رێنمایی کشتوکاڵی بیتوێن، ئەو پشتڕاستی کردەوە کە تەپوتۆزەکە زیان بە نەمامەکان دەگەیەنێت و دەڵێت:بەهۆی ئەوەی چینێک لەو تۆزە لەسەر گەڵای نەمامەکان دەنیشێت ئەمەش وادەکات کرداری هەناسەدان نەمێنێت و ببێتە هۆی سوتانی گەڵای دارەکە و لەناوچوونی.

“هەندێ لە حەشەرات بەتایبەتیش جاڵجاڵۆکە ماددەیەکی لینج دەڕێژن، کە دەبێت بەقوڕ بەهۆی تۆزەکەوە ئەمەش دیسانەوە دەبێتە هۆی لەناوچونی گەڵاکە و گەڵاش سەرچاوەی خۆراکە لە رووەکدا کە گەڵاکە لەناوچوو کاریگەری دەبێ لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەم”. خالید حەسەن واى بە 964 وت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح