خەڵک لە بۆنی زبڵ هەراسان بوو
دووبارە زبڵ و خاشاك گرفتی بۆ شیلادزێ دروستکردووە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
چەند مانگێکە لە ناحیەی شێلادێ دووبارە زبڵ و خاشاک لە نزیکی ماڵەکان فڕێدەدرێت، سەرۆکی شارەوانی شیلادزێش دەڵێت، بەهۆی کێشەی تەکنیکیەوە لە کارگەی زبڵ و خاشاک، کارمەندەکانمان بە ناچاری لەو شوێنە زبڵ و خاشاک فڕێدەدەن.
لە بەدواداچونێکی 964 لە گەڕەکی ترێژانێ لە ناحیەی شێلادزێ، هاوڵاتیان گلەیی دەکەن لە بوونی بۆنی زبڵ و خاشاک و داواکاریشن لە لایەنی پەیوەندیدار گرفتەکە چارەسەر بکات.
بەپێی قسەی دانیشتووانی گەڕەکی ترێژانێ، ئەو شوێنەی زبڵ و خاشاکی لێ فڕێدەدرێت نزیکەی 100 مەتر لە ماڵەکانەوە دوورە و هەر لەوێش دەسوتێندرێت.
سەربەست حسێن، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی شێلادزێ بە 964ـی وت، ئاگاداری ئەو کێشەیەن، پێشتر زبڵ و خاشاکی شیلادزێ لە ناحیەی دێرەلوک فڕێدەدرا، بەڵام ماوەیەکە کۆمپانیاکە پابەندی یاساکان نەبووە. “ئێمە وەکو پێویست ئاگادارکردنەوەمان بۆ ناردوون و کارمەندەکان سزاش دراون، بەهۆی پابەند نەبونیان بە رێنمایەکان”.
وتیشی، “نوسراومان بۆ کۆمپانیاکە ناردووە بۆ دانانی دوو کابیسەی زبڵ لە ناوچەکەمان، چونکە ئێمە رۆژانە زیاتر لە 35 تەن زبڵ و خاشاک لە ناوەڕاستی ناوچەکەدا فڕێدەدەین”.
نزیکەی 100 ماڵ لە گەڕەکی ترێژانێ لە ناحیەی شیلادزێی نیشتەجێن، ساڵی رابردووش هەمان گرفت لەو گەڕەکە هەبوو.
پێداچوونەوە: هاوبەش