لە تکریت
بە ملیاران پارەی دیکەی جومەیلی دۆزرانەوە و دەستیان بەسەرداگیرا
شۆڕش قادری
لە تکریت 25 ملیار دینار و یەک ملیۆن دۆلاری دیکەی عەدنان جومەیلی لەگەڵ پێنج کیلۆ زێڕ دۆزرانەوە و دەستیان بەسەرداگیرا.
ئەمڕۆ دووشەممە 6.7.2026 ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئاشکرایکرد، هێزێک چوونەتە ماڵی عەدنان جومەیلی بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق لە تکریت و دەستیان بەسەر 25 ملیار دیناری عێراقی و یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکیدا گرتووە لەگەڵ پێنج کیلۆ زێڕ.
ئاماژە بەوەشکراوە، تا ئێستا کۆی ئەو پارانەی لە کەیسی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت دەستیان بەسەرداگیراوە گەیشتووەتە 127 ملیار دینار و 24 ملیۆن دۆلار و کۆمەڵێک موڵک و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی گرانبەها.
لە قەزای شەرگاتی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینیش، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا هێزێکی ئەمنیی هەڵیکوتاوەتەوە سەر ماڵی “حەمەد جومەیلی” بەرپرسی ئەندازیارانی پاڵاوگەی نەوتی بێجی و دەستیانگرتووە بەسەر بڕی سێ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و 700 ملیۆن دیناری عێراقی لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی جۆری کادیلاکی گرانبەها.
نزیکەی دوو هەفتەیە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دەستگیرکردنی گەندەڵکاران بە فەرمانی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستیپێکردووە و تا ئێستاش بەدەیان وەزیر و پەرلەمانتار و کاربەدەستی گەندەڵ دەستگیر کراون.