50 ساڵ تێپەڕیوە

هێشتا هیچ باسێکی قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی بۆردوومانی قەڵادزێ نییە

964+

پێشەوا محەمەد

50 ساڵ بەسەر بۆردوومانی شاری قەڵادزێ و راگواستنیدا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا قەرەبووی ئەو کەس و خێزانانە نەکراوەتەوە، کە بە دەستی رژێمی بەعس گیانیان بەخشی.

50 ساڵى تەواو، بەسەر بۆردوومانی رۆژی 24.4.1974ـى شارى قەڵادزێ لە دەڤەری پشدەر تێدەپەڕێ، کە زیاتر لە 400 خوێندکار و مامۆستا و هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی بۆردومانی هەڕەمەکی و ئاسمانی رژێمی ئەوکاتی بەعسەوە گیانیان بەخشی و بریندار بوون و نزیکەی 30 هەزار خێزانیش تووشی راگواستن بوون.

بەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر بە 964ـی راگەیاند، هیچ هەنگاوێک بۆ ئەو قەرەبووکردنەوەیە نەندراوە و دوای 50 ساڵ کەیسەکە هەر لە شوێنی خۆیەتی.

قایمقامی قەزای پشدەر رەخنەی لە نوێنەرانی کورد گرت لەناو حکومەتی عێراقی، کە نەیانتوانیوە ئەو کەیسە بەجدی وەربگرن و قەرەبووی قوربانییانی ئەو بۆردوومان و راگواستنەی قەڵادزێ و دەوروبەری وەربگرنەوە.

بۆچی نوێنەرانی کورد نەیانتوانیوە ئەو کەیسە بگەیەننە شوێنی خۆی؟ پرسیاری 964 بوو لە بەدرییە حسێن، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەویش لە وەڵامدا وتی، “من وەک خۆم و فراکسیۆنەکەشم بەردەوام ئەو کەیسەمان وروژاندووە و لەگەڵ بەرپرسانی حکومی باسمان کردووە و بەڵێنیشمان پێدراوە، کە کەیسەکە دەبەنە ئەنجوومەنی وەزیران و بڕیاری لەبارەوە دەدەن”.

شایەتحاڵێک: رژێم بۆ خەڵکی قەڵادزێ داخ لە دڵ بوو

شایەتحاڵێک: رژێم بۆ خەڵکی قەڵادزێ داخ لە دڵ بوو