له‌ خۆپێشاندانه‌كانی ئێران لێیانداوه‌ و سێ مانگه‌ بێهۆشه‌

964+
هێرۆ مه‌ولودی – هه‌ولێر

هەستی حوسێن پەناهی، كه‌ له‌ خۆپێشاندانه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران لێیدراوه‌، سێ مانگە بێهۆشە و لە نەخۆشخانە کەوتووە.

هەستی قوتابییه‌كی ته‌مه‌ن 16 ساڵانی خەڵكی شاری دێگۆلانی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، وابڵاوكراوه‌ته‌وه‌ لە سەرەتای مانگی تشرینی دووه‌می رابردووه‌وه‌، لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ئێران، بە هۆی لێدان لە سەری بە “باتوم” لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی ئێرانه‌وه‌، بریندار بووە.

بە پێی ئەو زانیارییانەی بنەماڵەکەی هەستی بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌، كچه‌كه‌یان ئێستا لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە لە ژێر چاودێریی چڕ و لە بارودۆخی “کۆما”ـدایە.

سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ر و لە کاتی رووداوەکەدا، میدیاکانی حکومەتی ئێران رایانگەیاند، هەستی لە کاتی گەڕانەوە لە قوتابخانە لە ئۆتۆمبێل خۆی خستووەتە خوارەوە و هه‌وڵیداوه‌ خۆی بكوژێت، به‌ڵام شایەتحاڵه‌كان لە دێگۆلان گوتیان، رووداوەکەی هەستی خۆکوژی نه‌بووه‌ و هێزەکانی پۆلیس لە بەردەم قوتابخانە بە دار “باتوم” لێیانداوه‌ و برینداریان كردووه‌.

له‌ مانگی ئه‌یلولی ساڵی رابردووه‌وه‌ خۆپێشاندان له‌ ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌رده‌وامه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ژینا ئه‌مینی كچه‌ كورد گیانی له‌ده‌ستدا، كه‌ له‌ لایه‌ن پۆلیسی ره‌وشته‌وه‌ به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوون به‌ پۆشینی جلوبه‌رگی حیجابه‌وه‌ ده‌ستبه‌رسه‌ر كرا و دوای سێ رۆژ له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانی له‌ده‌ستدا، بنه‌ماڵه‌كه‌شی پۆلیسی ئێران به‌ كوشتنی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.

هه‌ر به‌هۆی ئه‌م خۆپێشاندانانه‌وه‌ تا ئێستا حكومه‌تی ئێران ده‌یان كه‌سی له‌ سێداره‌ داوه‌ و به‌ هه‌زارانیشی ده‌ستگیركردووه‌.