"لەیس خەزعەلی بوکەڵەی دەستی ئێرانە"
یەکەم پەیام لە کۆنگرێسی ئەمریکاوە لەسەر جێگرێکی نوێی سەرۆکوەزیرانی عێراق
964+
کاکەلاو عەبدوڵا
جۆو ویڵسن، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانەی ئەمریکا، پەیامێکی لەبارەی دەستنیشانکردنی لەیس خەزعەلی وەک جیگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکردەوە و دەڵێت، “بەداخەوە ئەو پۆستەی وەرگرتووە، خەزعەلی لە داعش خراپترە و بوکەڵەی دەستی ئێرانە.”
کۆنگرێسمان جۆو ویڵسن لە هەژماری خۆی لە ئێکس نوسیوویەتی: لەیس خەزعەلی تیرۆریست و بوکەڵەی دەستی ئێرانە کە میلیشیاکەی (عەسائیبی ئەهلی حەق) ئەمریکی و عێراقییەکانی کوشتووە، ئەو لە داعـ*ـش باشتر نییە و رەنگە خراپتریش بێت.
لەبارەی ئەوەی کە لەیس خەزعەلی وەک جێگری سەرۆکوەزیران دەستینشانکرا، جۆو ویڵسن دەڵێت، “مایەی نیگەرانییە، بەڵام بەداخەوە جێی سەرسوڕمان نییە، گەلی عێراق و تەواوی پێکهاتەکانی شایەنی لەمە باشترن.”
لەیس خەزعەلی برای قەیس خەزعەلی، سەرۆکی عەسائیبی ئەهلی حەقە کە پێکەوە گروپەکەیان دامەزراندووە. عەسائیبی ئەهلی حەق گروپێکی سیاسی و چەکدارییە و یەکێکە لە گروپەکانی نزیک لە ئێران و لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە.