لە سنووری ئامێدی
بەشێک لە رێگای کانیا مالا رووخاوە و زیانی بە کارەبا و بۆری ئاویش گەیاندووە
هیڤی دێوالی – دهۆک
نزیکەی دوو مانگە رێگای کانیا مالا لە ئامێدیی رووخاوە و زیانی بە دیواری راگری رێگا و کارەبا و هێڵی ئینتەرنێت و بۆری ئاویش گەیاندووە، سەرۆکایەتی شارەوانی ئامێدیش دەڵێت، بەدواداچوونمان بۆ رێگاکە کردووە، لە هەفتەکانی داهاتوو خەمڵاندنی زیانەکان رەوانەی پارێزگای دهۆک دەکرێت.
رێگای کانیا مالا، رێگایەکی گەشتیارییە بۆ سەیرانگا و پارک و کارگەی تەحینی خۆماڵی و گەڕەکەکانی بەشێک لە ئامێدی دەچێت، رێگایەکی یەک سایدە و ئەو شوێنەی زیانی پێگەیشتووە درێژییەکەی نزیکەی 30 مەتر دەبێت. لەو مەودایە گرفت بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێلیش دروست بووە.
ئەڤراز حەسەن، سەرۆکی شارەوانی ئامێدی بە 964ـی وت، بارانبارینی بەخوڕ و لافاو زیاتر زیانی بە رێگاکە گەیاندووە و بەشێکی رێگاکە رووخاوە.
وتیشی، بەدواداچوونمان کردووە و زیانەکانیش تەنیا بۆ رێگاکە نەبووە، بەڵکو بۆری ئاو و ستوونی کارەبا و هێڵی ئەنترنێتیش زیانیان پێ گەیشتووە و دیواری راگری رێگاکەش رووخاوە، تێچووی زیانەکانیش 470 ملیۆن دینارە.
بەقسەی سەرۆکی شارەوانی بێت، خەمڵاندن بۆ زەرەرو زیانەکان کراوە و لە داهاتویەکی نزیک خەمڵاندنەکە دەدەن بە پارێزگاری دهۆک.
پێداچوونەوە: توانا نەقی