"وەک خێرێک بۆ بابم ئەم ئیشە دەکەم"

گەنجێک قۆڵی هەڵماڵیوە و گۆڕستانی پیرباڵ لە باتاس پاک دەکاتەوە

ئاکام غەفوور – باتاس

گەنجێکی بەئەمەک قۆڵی هەڵماڵیوە و دوو مانگە خەریکی دوورینەوەی گژوگیای ناو گۆڕستانی شێخ پیرباڵە لە باتاس و دەڵێت، “وەک خێرێک بۆ بابم ئەم ئیشە دەکەم”.

بەهۆی تەڕوتوشی و بارانە باشەکەی ئەمساڵ، گۆڕستانی پیرباڵ لە دەڤەری باتاس گژوگیا دایپۆشیوە و بە زەحمەت دەتوانی بەناویدا هەنگاو بنێی، بۆیە گەنجێک بەناوی سلێمان عەلی هەستاوە بە دوورینەوەی گیاکان و خاوێنکردنەوەی گۆڕستانەکە.

سلێمان قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “چوار مانگ پێش ئێستا بابم وەفاتی کرد و دوای ئەوە چەند جارێک کە هاتینە ئێرە، سەیرەم کرد وەزعی گۆڕستانەکە زۆر بێ سەرووبەرەیە، بۆیە بڕیارمدا وەک خێرێک بۆ بابم ئەم ئیشە بکەم”.

“یەکەم ساڵە ئەم گۆڕستانە ئاوا پاک دەکرێتەوە و بەڵێنیشم بەخۆم داوە، هەموو ساڵێک خاوێنی بکەمەوە”، سلێمان عەلی وادەڵێت.

ئەو پێیوایە کارەکەی هەموو لەڕووی سەلامەتی بۆ هاوڵاتیان و پاراستنیان لە پێوەدانی مار و مێروو و هەروەها کەوتنەوەی ئاگر لە گۆڕستانەکە، زۆر گرنگە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری