لە خولی ئەستێرەکانی عێراق

یانەی دهۆک لە خولەکەکانی کۆتایی لە دۆڕان رزگاری بوو

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

ئەمرۆ لە گەڕی 23 لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی دهۆک لە یاریگای خۆی رووبەڕووی یانەی نەفت ئەلوەسەت بوویەوە و زۆر بەسەختی توانی تەنیا خالێک بەدەست بهێنێت.

لە گێمی یەکەمدا یانەی میوان سوپرایزی بۆ یانەی دهۆک هەبوو بە هێرشە یەک بەدوای یەکەکانی مەترسیەکی زۆری لەسەر گۆلپارێزی یانەی دهۆک دروستکرد تاوەکو توانیان لە خولەکی 25 لە رێگای یاریزان ”عەباس جاسم” یانەی نەفت گۆل تۆمار بکات.

دواتر یانەی دهۆک هێرشەکانی خۆی دەستپێکرد و پێش کۆتایی هاتنی گێمی یەکەم و لە خولەکی 50 دوای خولەکی زیادکراو بۆ گێمی یەکەم گۆل تۆمار بکات لە ریگای یاریزان ”عیماد لواتی” و گێمی یەکەم بە یەکسان بوون 1-1 کۆتا هات.

لە گێمی دووەمدا دیسان یانەی نەفت ئەلوەسەت توانی لە رێگای یاریزان “لویس فێرناندۆ” لە خولەکی 82 گۆلی پێشەنگ بەسەر یانەی دهۆک تۆمار بکات و سوپرایزێکی تر ئەنجام بدات.

دواجار یاریزان “عیماد لواتی” توانی لە رێگای لێدانی سزا یانەی دهۆک لە دۆڕان رزگار بکات.

یانەی دهۆک ئێستا بە 35 خاڵ لە ریزبەندی شەشەم دێت و یانەی نەفت ئەلوەسەت بە کۆکردنەوەی 11 خاڵ لە رێزبەندی کۆتایی خولی ئەستیرەکانی عێراقە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی