964 سۆراغى دەکات

خەریکە رێگاى سماقوڵى پەکى دەکەوێت؛ دووشەممە چاڵوچۆڵییەکانى پڕدەکرێنەوە

وریا فەتاح

سەرەڕاى ئەوەى لە مانگى ئابى 2025 و شوباتى 2026 رێگاکە نۆژەنکرایەوە، بەڵام بەهۆى کۆنى قیرەکەى، جارێکى تر رێگاى سماقوڵى پڕبووە لە چاڵوچۆڵى و کەڵکى هاتوچۆى نەماوە. بڕیاریشە دووشەممەى داهاتوو بۆ جارى سێیەم لە ماوەى 10 مانگى رابردوودا، رێگاکە چاکبکرێتەوە.

رێگاى سماقوڵى کە ئیدارەى راپەڕین بە هەولێر دەبەستێتەوە، رێگایەکى یەکسایدى پڕ چاڵوچۆڵییە، جگە لەو قەرەباڵغییەى لەسەر رێگاکە هەیە، رێگاى تانکەر و بارهەڵگرە گەورەکانیشە و بەهۆیەوە رێگاکە پڕبووە لە چاڵوچۆڵى.

لە ئێستادا رێگاکە چەندین چاڵوچۆڵى گەورەى بۆ دروستبووە و رۆژانە ژمارەیەک ئۆتۆمبێل بەهۆى لێدان لەو چاڵانە تایەکانیان دەتەقێت و پەکیان دەکەوێت.

کارزان محەمەد، یەکێک لەو شۆفێرانەیە کە رۆژانە لە رێگاکەوە هاتوچۆ دەکات، بە 964ـى وت،”رێگاکە کەڵکى نەماوە، لەماوەى رابردوودا دوو جار بەهۆى چاڵوچۆڵەوە تایەى ئۆتۆمبێلەکەم تەقیوە”.

964 بەدواداچوونى بۆ کێشەکە کرد و لەگەڵ عیماد محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەرى چاککردنەوە و پاراستنى رێگاوبانى هەولێر لە بارەى رێگاکە قسەى کرد،”ئەو وتى، ئاگادارى کێشەکەین و بڕیارە رۆژى دووشەممەى داهاتوو، تیمەکانمان بچن و چاڵوچۆڵییەکان پڕبکەنەوەخ.

هەرچەندە بڕیار هەیە بۆ نۆژەنکردنەوەى رێگاکە و هەڵگرتنى قیرەکە و دووبارە قیرکردنەوەى رێگاکە، بەڵام بە وتەى ئەندازیار عیماد، چاوەڕێ خەرجکردنى پارەى پڕۆژەکەن کە ئێستا پارەى پڕۆژەکان راگیراوە”.