ترسی لە بەراز هەبوو

جوتیارێک لە کێڵگەکەی خۆی بە کارەبا گیانی سپارد

+964

سیروان خورشید-دوزخورماتوو

لە ناوچەی هەفتەغاری سنووری نێوان داقوق – خورماتوو، جوتیارێک درەنگانێکی شەوی رابردوو سەردانی زەوییە کشتوکاڵییەکەی دەکات لە گوندی تەلحەمە، دوای ئەوەی دەچێتە نێو کێڵگەکە، جەستەی بەر کێبڵی کارەبا دەکەوێت و بێهۆشی دەکات و پاشان گیانی لەدەستداوە.

فەرمان نەشئەت بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی داقوق بە 964ی وت، درەنگانێکی شەوی رابردوو تەرمی پیاوێکی تەمەن 55 ساڵ کە پیشەی جوتیارە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەکەیان و دوای پشکنین دەرکەوتووە، بەهۆی تەزویی کارەباوە گیانی لەدەست داوە و دواتر رەوانەی پزیشکی دادی کەرکوکیان کردووە بۆ لێکۆلێنەوەی زیاتر.

وتیشی، جوتیارەکە ماوەیەک دەبێت لە ترسی ئەوەی بەراز دەغڵ و دانەکەی لەناونەبەن، کارەبای بە چواردەوریدا راکێشاوە.

جوتیارەکە خێزاندارە و باوکی پێنج منداڵە، ناوبراو دانیشتووی گوندی فەریقە لەناوچەی هەفتەغار لە سنوری نێوان خورماتوو- داقوق .

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا