پەیامى ژینگەییان هەڵگرتووە
گروپێک لە سنەوە بەپێ بەرەو بارزان دەچن
+964
ئاکام غەفور-سۆران
گروپێکی هەشت کەسی کە خۆیان وەک ژینگە پارێز و شاخەوان دەناسێنن، لەشارى سنەى رۆژهەڵاتى کوردستانەوە بەپێ کەوتوونەتە رێ و دەیانەوێت سەردانى دەڤەرى بارزان بکەن، وەک خۆیان دەڵێن، پەیامى ژینگەییان هەڵگرتووە.
گروپەکە چوار رۆژە لە رێگان، سێ رۆژە لە حاجی ئۆمەرانەوە بەپێ بەڕێکەوتون و ئەمڕۆ یەکشەمە 21.4.2023 گەیشتونەتە شاری سۆران.
حەیدەر عەلی کە رێبەری گروپەکەیە، قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت:سێ رۆژە بەپێ بەرێگاوەین بەپێی ئەو بەرنامەیەی کە دامانناوە دوو رۆژی تر دەگەینە دەڤەری بارزان.
ئەوان 150 کیلۆمەتر بەپێ دەبڕن تا دەگەن بە بارزان و رۆژانەش نزیکەى 20 کیلۆمەتر هەنگاو دەنێن، بە وتەى حەیدەر عەلى، پەیامى ژینگەییان پێیە و ئامانجیان هاندانی هاوڵاتیانیە بۆ پاراستنی ژینگەی ناوچەکانیان.
“ژینگە دایکى ژیانە”، ئەمە دروشمى ئەو گروپەیە و بیستویانە کە دەڤەرى بارزان ناوچەیەکى ژینگەیى جوان و سەرنجڕاکێشە بۆیە هاتوون تا لە نزیکەوە بیبینن.
داڕشتنەوە: وریا فەتاح