دەبی هەبی

ئەگەر کوندەپەپو نەبێت مشک و بۆق دەمانخۆن

964+

ژووری هەواڵ

ئەمە چاو قلە ترێ نییە، چاوێکی گەش و جوانی هەیە، باڵندەیەک تا خوا حەزبکات جوان و ناسک و زەریف، باسی ئەم قشتەتان بۆ دەکەم، کوندەپەپوو، هەندێ کەس دەڵێن شوومە، بەڵام هەندێکی تر دەڵێن نیشانەی لێزانی و حیکمەتە، من واز لەم دوو بۆچوونە دەهێنم و چەند راستییەکی زۆر گرنگتان بۆ باس دەکەم:
کوندەپەپوو هەر جوان نازدار نییە ســـوودیشی بۆ ژیـنگەکەمان زۆرە، ئەو باڵندە نزیکەی 250 جۆری هەیە زۆربەیان لەسەر دار دەژین بەڵام هێلانە بۆخۆیان دروست ناکەن بەڵکو هێلانەی باڵندەی تر داگیر دەکەن کە ئەوەش هۆکاری سەرەکی شەڕەکانیەتی لەگەڵ هەڵۆ، (بۆرۆوینگ)ی بچووک کە ئەویش جۆرێکە لە کوندەپەپوو ئەوەیان لەسەر دار نا بەڵکو حەز دەکات لەناو ئەو قۆرت و چاڵانە بمێنێتەوە کە ئاژەڵیتر دروستی کردووە. پەپووگیان دەتوانێ 270 پلە سەری بسووڕێنێت سەری مواسەفاتێکی تری هەیە وەکو سینی سەتەلایت وایە لە گشت لایێکیەوە دەنگ وەردەگرێت چاوەکانیشی هەر بۆ جوانی وا گەورەنین ئەوان بە شەویش دەتوانن بـــاش بـــاش ببینن، کووندەپەپۆ تایبەتمەندیەکی تریشی هەیە لەکاتی فڕیندا دەنگی باڵەکانی نایەت ئەوەش راوکردنی بۆ ئاسانتر دەکات.
بێگومان سوودی زۆرە بۆ هاوسەنگی ژینگەیی،
کوندەپەپوو بە شێوەیەکی گشتی زیاتر شەوان حەز بە راوکردن دەکات بەزۆری مشک – بۆق – مار – شەمشەمەکوێرە – مێروولە دەخوات، وا نەبێت شتیتر نەخوات، لەکاتی برسێتی هەرچی هاتە بەردەمی لە خزمەتی دەبێت، ئەو نەوسنیەی خزمەت بە ژینگە و بە ئێمەش دەکات، زۆربەی ئەو ئاژەڵانەی کە دەیانخوات زیان بە دەغڵ و دان دەگەیەنن و بەرهەمی جوتیاران دەخۆن و تێکیدەدەن بەڵام کووندەپەپوو ئازیز رێگرییان لێدەکات.
لە کۆنەوە وتراوە دونیا تا سەر بۆ کەس نییە، ئەم باڵندە نازدارە دوژمنی زۆرن، وەک رێوی – مار – پشیلەی کێوی، هەڵۆش زۆر کەیفی پێی نایەت، بەڵام هەڵۆ کوندەپەپوو ناخوات، بەڵکو حەز بە ئازاردان و کووشتنی دەکات.

دەبی هەبی

دەبی هەبی" بەرنامەیەکی نوێی 964"