کرێکارانی نیپاڵی داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەن هاوکاری وڵاتەکەیان بکات
هاوخەمی خۆیان بۆ کارەساتەکەی نیپاڵ دەردەبڕن
رازاو محەمەد – سلێمانی
بە مەبەستی دەربڕینی هاوخەمی بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکانی وڵاتی نیپاڵ، کۆمەڵێک کرێکاری نیپاڵی لەبەردەم پارکی ئازادی سلێمانی کۆبوونەوە و هاوخەمی خۆیان دەربڕی و داواشیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد رۆڵی مرۆڤدۆستانەی خۆی بگێڕێت و لەرێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە هاوکارییەکان بگەیەنێتە ئەو وڵاتە کە رووبەڕووی کارەساتێکی سروشتی گەورە بووەتەوە.
حەمە هەژار، سەرۆکی رێکخراوی کرێکارانی بیانی بە 964ـی وت، دەمانەوێت لەرێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هاوکارییەکان بگەیەنین و داوا لە حکومەت دەکەم رەزامەندی بدات بۆ ئەوەی کەمپەینێک لە رێگەی یەکێک لە کەناڵەکانەوە رابگەیەنین و وەک هەموو وڵاتانی جیهان هاوکاری مرۆیی پێشکەشی نیپاڵ بکەین و رۆڵی کورد لە کارە مرۆییەکاندا دووپات بکەینەوە.
یەکێک لە کرێکارە نیپاڵییەکان لە رێگەی 964ەوە داوای لە حکومەتی هەرێم کرد، وەک چۆن لە رابردوودا دەستی هاوکاری بۆ وڵاتانی دیکە درێژ کردووە، ئاوهاش یارمەتی خەڵکی نیپاڵ بدات لەم بارودۆخە سەختەدا.
لە 26.8.2026 لافاوێکی وێرانکەر و کتوپڕ، ناوچە سنوورییەکانی نێوان نیپاڵ و چینی راپێچ کرد و بووە هۆی وێرانبوونی چەندین شارۆچکە و رێگا و پرد، تا ئێستا بەهۆی لافاوەکەوە گیانلەدەستدانی 547 کەس پشتڕاستکراوەتەوە و سەدان کەسی دیکەش بێسەروشوێنن، هاوکات لە ناوچەی تبت-یش پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 558 کەسیش بێسەروشوێنن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر