بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی. فۆتۆ: 964
لە سلێمانی
لە جەژندا زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی چوونەتە نەخۆشخانەکان
964+
پێشەوا محەمەد
بەپێی ئاماری تەندروستیی سلێمانی، لە سێ رۆژی جەژنی رەمەزاندا پێنج هەزار و 77 هاوڵاتی سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە.
تەندروستیی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە 14.4.2024 بڵاویکردووەتەوە، لە نەخۆشخانەی شار دوو هەزار و 247 نەخۆش سەردانیان كردووە و 688 نەخۆش داخڵ كراون و 301 نەشتەرگەری لە بەشی فریاكەوتن ئەنجام دراوە، 83 برینداری رووداوی هاتوچۆ و 43 برینداری جۆراوجۆر و 315 شكاوی چارەسەر كراون و 108 شووشتنەوەی گورچیلە ئەنجام دراوە.
هەر بەپێی ئامارەکەی تەندروستیی سلێمانی، لە نەخۆشخانەی دكتۆر جەمال ئەحمەد رەشیدی مناڵان هەزار و 716 منداڵ لە بەشی راوێژكاری بینراون و 155 منداڵ داخڵ كراون و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.
هاوکات لە رۆژانی جەژندا 180 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی هیوایان كردووە و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.
تەندروستیی سلێمانی دەشڵێت، لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی فێركاری 271 نەخۆش سەردانیان كردووە و 75 نەخۆش داخڵكراون و 58 منداڵ لەدایكبوون و 31 منداڵ كوڕ و 27 منداڵ كچ بوون.
لە نەخۆشخانەی پسپۆڕییەكانی دڵیش لە سلێمانی 67 نەخۆش داخڵ بوون و 15 نەشتەرگەریی قەستەرە و 14 نەشتەرگەریی دانانی باڵۆن كراوە.
“لە نەخۆشخانەی سوتاوی و نەشتەرگەریی جوانكاری 123 كەس سەردانیان كردووە و چوار نەخۆش داخڵ كراون و چارەسەریان بۆ كراوە. لە نەخۆشخانەی كۆئەندامی هەرس و جگەریش 19 نەخۆشی كتوپڕی خوێنبەربوونی گەدە و كۆڵۆن چارەسەركراون و حەوت نەخۆش تەنی نامۆ لە گەدەیان دەرهێنراوە”، راگەیەندراوەکەی تەندروستیی سلێمانی وادەڵێت.
ئەوەش هاتووە، “لە بانكی خوێن لە سلێمانی پشكنین بۆ 335 كەس كراوە بە مەبەستی وەرگرتنی خوێن، خوێن لە 288 كەس وەرگیراوە و 182 بتڵ خوێن بۆ نەخۆشخانە حكومییەكان و 48 بتڵ خوێن بۆ نەخۆشخانە ئەهلییەكان ئامادە كراوە”.