هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکاتەوە

ئەم هەفتەیە سەردانیکردنی سزادراوانی چاکسازیی هەولێر راگیرا

ژووری هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا رێگە نادرێت بە کەسوکاری سزادراوان سەردانی سزادراوەکانیان بکەن لە گرتوخانە.

هەفتەی داهاتوو لە رۆژانی دووشەممە و پێنجشەممە سەردانیکردن دەستپێدەکاتەوە و تەنیا بۆ ئافرەتان دەبێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 14.4.2024، موسلیح عومەر حەسۆ، بەرپرسی راگەیاندن لە چاکسازی گەورانی هەولێر بە 964ـی وت، لەبەر ئەوەی رۆژانی دووەم و سێیەمی جەژن سەردانیکردنەکە کرا بۆیە ئەم هەفتەیە سەردانیکردن راگیراوە.

بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێم، هەر کەسێک بۆی هەیە لە هەفتەیەکدا یەک جار سەردانی زیندانیکراوەکەی بکات و یەک کاتژمێر کاتی هەیە بۆ مانەوە لەگەڵیدا.

لە هەرێمی کوردستان سێ چاکسازیی گەوران لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن؛ هاوکات سێ چاکسازیی ژنان و منداڵان لە هەر سێ شارەکەدا هەن و زیاتر لە حەوت هەزار هاوڵاتی تێیاندا راگیراون.