دابەشکردنی ئاو رانەگیراوە
لەماوەی 19 رۆژدا بۆ جاری سێیەم ئاویی زێیی دوکان پیس دەبێت
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
لەماوەی 19 رۆژی رابردوودا، جاری سێیەمە بارەهەڵگرەکانی گواستنەوەی سوتەمەنی لەسنوری قەزای دوکان تووشی رووداوی هاتوچۆ دەبن، هاوکات بەهۆی سووتەمەنی رژاوی بارهەڵگرەکان ئاوی زێی دوکان پیس دەبێت.
نزیک کاتژمێر 12ی شەوی رابردوو، لەسەر رێگای دوکان – کۆیە بارهەڵگرێک وەرگەڕا و بەهۆیەوە شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا و لەرێگەی ئاوەڕۆی گەڕەکی فەرمانبەران سوتەمەنی رژاوی بارهەڵگرەکە تێکەڵ بە زێی دوکان بوو.
زاهیر مستەفا، لێپرسراوی خزمەتگوزاری فەرمانگەی ئاوی دوکان بۆ 964 وتی، “لەدوای رووداوەکە و پیسبوونی زێییەکە، تیمەکانمان پڕۆژەی دابەشکردنی ئاوی خواردنەوەی ناوەندی قەزای دوکانیان بەسەر کردەوە، ئەو شوێنەی ئاوی لێوەردەگیرێت پاکەو لەخوارووی پڕۆژەکەوە پیس بووە”.
بەوتەی زاهیر مستەفا دابەشکردنی ئاو لەسەنتەری قەزای دوکان ئاساییە و گرفتی نییە، قسەمان لەگەڵ کارمەندانی پڕۆژەی ناردنی ئاوی دوکان – سلێمانی کردووە، ئەوانیش پڕۆژەکەیان رانەگرتووە، چونکە کاریگەری بۆسەر ئاوی پڕۆژەکە نەبووە.