لە کفری
جنۆکە نەبوو و منداڵ بوون دانیشتووانی گەڕەکێکیان تۆقاندبوو
میلاد جەلال – گەرمیان
دانیشتووانی گەڕەکی رزگاری لە قەزای کفری ماوەیەک بوو ترسیان لا دروستببوو کە جنۆکە لە گەڕەکەکەیانە و لە شەواندا پەنجەرەی ماڵ و ئۆتۆمبێلەکانیان دەشکێنێت، کەچی دەرکەوت منداڵن.
دوای ئاگادارکردنەوەیان، ھێزە ئەمنییەکان دەستیانکرد بە چاودێریکردنی گەڕەکەکە و دەرکەوت چوار منداڵی گەڕەکەکەن شەوان لەکاتی چۆڵبوونی گەڕەکەکە بەرد دەگرنە ماڵ و ئۆتۆمبێلەکان.
سۆران حەمەغەریب وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە 964ـی وت، “ئەو چوار منداڵە دەستبەسەر کراون و دانیان بەوەدا ناوە کە ئەو کارەیان کردووە، وەک حەزێکی مناڵی خۆیان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، منداڵەکان بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە و ئەمڕۆش کەسوکاریان بانگ دەکرێتە بنکەی پۆلیس و بەڵێنیان لێ وەردەگیرێت کە جارێکی دیکە ئەو فێعلە دووبارە نەکەنەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری