شۆفێرەی بارهەڵگرەکە گیانی لەدەستدا
بەھۆی وەرگەڕانی بارھەڵگرێک جارێکی دیکە ئاوی زێی دوکان پیس بوو
964+
بارزان عوسمان – دوکان
شەوی رابردوو بەهۆی وەرگەڕانی بارهەڵگرێک لەسەر رێگای دوکان – کۆیە، شۆفێری بارهەڵگرەکە گیانی لەدەستدا و سوتەمەنیەکی زۆری بارهەڵگرەکە لەرێگەی ئاوەڕۆوە تێکەڵ بە ئاوی زێی دوکان بوو.
رووداوەکە نزیک کاتژمێر 12ی شەوی رابردوو لە پێچەکانی کلکە سماق روویداوە، دوای دووکاتژمێر مانەوەی لەژێر بارھەڵگرەکەدا تەرمی شۆفێری بارھەڵگرەکە لەلایەن تیمەکانی پۆلیس و ئاسایشەوە دەرھێندرا.
964 هەوڵیدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دوکان زانیاری وەربگرێت لەبارەی پیسبوونی زێی دوکان و ئەگەرەکانی وەستانی دابەشکردنی ئاو، بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو.
شۆفێری بارھەڵگرەکە، ناوی جەعفەر حەسەن ئەحمەدە، تەمەنی 52 ساڵە و خەڵکی گوندی بێستانەی سەر بەئیدارەی راپەرینە.
سەرچاوەیەک لەنەخۆشخانەی شەھید غەریب ھەڵەدنی، رووداوەکەی بۆ 964 پشتڕاستکردەوە وتی، نزیک کاتژمێر 2:20 خولەکی شەو، بەھۆی رووداوەکەوە ھاوڵاتییەکیان ھێنایە نەحۆشخانەکەمان، بەڵام پێش گەیشتنی بەنەخۆشخانە گیانی لەدەست دابوو.
سەرچاوەکە وتیشی، دوای رێکارەکان تەرمی ھاووڵاتیەکە رەوانەی پزیشکی دادی لە شاری سلێمانی کرا.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی