بەغدا؛ 11 ئەندامی یەک خێزان لەناو یارییەکی شاری یاریدا گیریان خوارد
964+
ژووری هەواڵ
بە خۆشی جەژنەوە خێزانێک لە بەغدا چوونە شاری یاریی و یەکێک لە یارییە بەرز فڕەکانیان تاقیکردەوە بەناوی ستار فلایەر، بەڵام بەختەکەیان نەیهێنا و لەناویا گیریان خوارد و بەرگری شارستانی فریایان کەوت.
ئاژانسی دەنگوباسی عێراق بڵاویکردەوە، تیمەکانی بەرگری شارستانی بەغدا توانیویانە 11هاوڵاتی کە سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزان بوون، لەناو یارییەکی پەککەوتوودا لە بەرزییەکی زۆر رزگار بکەن، رووداوەکە لە شاری یاریی بەری کەرخی پایتەخت روویداوە، کاتێک ئەو خێزانە بە بۆنەی رۆژانی جەژنەوە روویان لەوێ کردبوو، بەڵام دوای ئەوەی سواری یارییەکە دەبن، لەپڕ دەوەستێت.
تیمەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و بەهۆی بەرزیی یارییەکە و مەترسیی دۆخەکەوە، بە زەحمەتییەکی زۆر و بە بەکارهێنانی ئامێری تایبەت توانیویانە هەر 11 کەسەکە بە سەلامەتی و بێ زیان بهێننە خوارەوە.