"نایەڵین لە گەڕەکەکەمانەوە ئاویان بۆ بچێت"

دانیشتووانی شەهیدانی ئازادی دژی راکێشانی بۆری ئاوی پڕۆژەیەک گردبوونەوە

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

دانیشتووانی گەڕەکی شەهیدانی ئازادی لە سلێمانی ترسیان لێ نیشتووە و دەڵێن، “پڕۆژەیەک خەریکە ئاوی گەڕەکەمان دەبات و بۆی بچێتەسەر، قڕدەکەین لە بێ ئاوی”.

بەردەمی ماڵەکانی شەهیدانی ئازادی هەڵکەندراوە و بۆری ئاو راکێشراوە، ئەمڕۆ بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکە هاتنەسەر بۆرییەکان و ناڕەزاییان دەربڕی، چەند کەسێکیان قسەیان بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێن، یەکێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دەیهەوێ لە گەڕەکەکەوە ئاو بگوازێتەوە بۆ خۆی، ئەوانیش پێیان قبوڵ ناکرێت و ناهێڵن.

جەلال ئەحمەد وەک ریشسپی گەڕەکە دەڵێت، “ئێستا هەفتەی جارێک ئاومان هەیە ئەو کارە بکرێت، بەیەکجاری ئیفلاس دەکەین لە ئاودا و هیچمان نامێنێت”.

سەبارەت بەو کێشەیە 964 قسەی لەگەڵ بەختیار تاهیر بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی کرد، ئەو وتی، راکێشانی ئەو بۆریانە ئامادەکارییە بۆ داهاتوو و هەرکات هێڵی دوکان – سلێمانی 3 کەوتەکار، لەو هێڵە سەرەکییەوە ئاو دەگوازرێتەوە بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوونەکە و بە هیچ شێوەیەک لە ئاوی گەڕەکەکە کەم نابێتەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری