ئاڵاکەیان بۆ تازە کردەوە

کتێبفرۆشەکانی بەردەرکی سەرا یادی مام هەژاریان کردەوە

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

ئاڵاکەی بەردەرکی سەرای سلێمانی مام هەژاری لەکیس چوو، بەڵام کتێبفرۆشەکان وەفای ئەو پیاوە قسەخۆشیان لەبیر نەکرد و بە تازەکردنەوەی ئاڵاکە  و دانانی چەند وێنەیەکی خۆی، یادی پیاوە قسەخۆشەکەی ناو بازاڕیان کردەوە.

هەژار جاف ناسراو بە مام هەژار، کەسایەتییەکی دیار و قسەخۆشی سلێمانی، دوێنێ بەیانی بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

مام هەژار ساڵانێک بوو خزمەتی ئاڵایەکی کوردستانی لە بەردەرکی سەرا دەکرد و هەرکات کۆن دەبوو، دەیگۆڕی و تازەی دەکردەوە، ئەمڕۆ کتێبفرۆشەکانی بەردەرکی سەرا وەک وەفایەک، ئاڵاکەیان لەبری مام هەژار تازە کردەوە و وەک خۆشیان دەڵێن، ئەگەر بتوانن پاسکیلەکەشی دەبەن لەبەردەم ئاڵاکە و لەو شوێنەی کە هەمیشە لێ دەیبەستەوە، دادەنێن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری