ژنان و نەوجەوانان دەگرێتەوە

عێراق لێبووردنی تایبەت بۆ زیاتر لە سێ هەزار زیندانی دەردەکات

964+

ژووری هەواڵ

حکومەتی عێراق رەشنوسێکی ئامادەکردووە بەمەبەستی دەرکردنی لێبووردنی تایبەت بۆ ئەو ژن و نێوجەوانانەی کە بە ساڵێک زیندانی سزادراون، یان ساڵێک زیندانییان ماوە، یاخود کەمتر لە ساڵێک سزاکەیان ماوە.

بەوتەی ئەحمەد لعێبی، وتەبێژی وەزارەتی داد کە قسەی بۆ میدیا عێراقییەکان کردووە، رەشنوسەکە ئاراستەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق کراوە بۆ ئەوەی لێبووردنی تایبەت بۆ ئەوانە دەربکات، کە مەرجەکانیان تێدایە.

“پێشنیازەکە ئەوانە دەگرێتەوە کە سزای ساڵێک یان کەمتریان بەسەردا سەپێنراوە، هەروەها تاوانی تیرۆریستی یان تاوانکاری، بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان، ئەندامەکانی مرۆڤ و کەلوپەلی کەلەپوری، زیانگەیاندن بە سامانی گشتی، یان سپیکردنەوەی پارە ناگرێتەوە”، ئەحمەد لعێبی وای وت.

کۆی ژمارەی ئەو ژن و نێوجەوانانەی کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە و لە زیندانەکانی عێراقدان، زیاتر لە سێ هەزار کەسە.

ئیحسان عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، ئەو بڕیارە هەرێم ناگرێتەوە و دەرکردنی لێخۆشبوون لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمدایە، بۆ ئەو مەبەستە ئەوانیش داوایانکردووە لێخۆشبوون بۆ بەشێک لە زیندانیان دەربکرێت.

“بە فەرمی داوامان لە سەرۆکی هەرێم کردووە کە لێخۆشبوون بۆ ئەو زیندانیانە دەربکرێت کە ژن و منداڵن، لەگەڵ ئەوانەی کە تەمەنیان سەروو 70 ساڵە، یان نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە”، ئیحسان عەبدولرەحمان وای وت.

سەرۆکایەتی هەرێم لیژنەی بۆ دەرکردن یان دەرنەکردنی بڕیاری لێخۆشبوون دروستکردووە و ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە تاوانباری تیرۆر یان بازرگانی مادەی هۆشبەر بوون.

لە سەرەتای ئەم مانگدا سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، کاریانکردووە بۆ ئازادکردنی نزیکەی نۆ هەزار زیندانیی لە وڵاتەکەی، کە ماوەی سزاکانیان تەواوکردبوو، یاخود بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیرکرابوون.

نزیکەی نۆ هەزار زیندانی لە عێراق ئازادکراون

نزیکەی نۆ هەزار زیندانی لە عێراق ئازادکراون