ئامارێك: له سۆران 9000 شه‌هید هه‌یه
ئه‌وانه‌ى به تۆپباران و بۆردمانى سه‌رسنووره‌كان گیانیان له‌ده‌ستدەدەن به شه‌هید هه‌ژمار ده‌كرێن
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ئه‌و هاوڵاتیانه‌ى به‌هۆى تۆپباران و بۆردومان له ناوچه سنوورییەكان گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى شه‌هیدانه‌وه به شه‌هید ئه‌ژمار و تۆمار ده‌كرێن.
ئه‌وانه‌شی پێشمه‌رگه یاخود هێزه‌كانى به‌رگرى شارستانى یان پۆلیس بن و به‌هه‌مان حاڵه‌ت گیان له‌ده‌ست بده‌ن، ده‌كرێنه شه‌هیدی سه‌نگه‌ر.
ئه‌م پله‌به‌ندییه‌ى سه‌ره‌وه له‌لایه‌ن كه‌ریم كاوه، بەڕێوەبەری گشتی كاروبارى شەهیدان و ئەنفالكراوانی ئیداره‌ى سۆران بۆ 964 باسكراوه و ئاماژه به‌وه‌شده‌كات، هه‌ر هاوڵاتییه‌ك كه به‌وهۆیه‌وه گیان له‌ده‌ستده‌دات پێویستى به‌وه ده‌بێت وه‌فاتنامه، راپۆرته‌كانى پزیشكى و پۆلیسی له‌گه‌ڵ بێت بۆ ئه‌وه‌ى بكرێته شه‌هید.
وتیشی “بۆ ئه‌م حاڵه‌تانه لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمان هه‌یه بۆ لێكۆڵینه‌وه له هۆكارى رووداوى گیان له‌ده‌ستدانه‌كه و ئه‌وان ئه‌م بابه‌ته ساغ ده‌كه‌نه‌وه”.
ئاماژه به‌وه‌شده‌كات، ئه‌وان، به‌پێی رێنماییى وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان ئه‌و پله‌به‌ندییه بۆ شه‌هید داده‌نێن و خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ كه‌سوكاره‌كانیان دابین ده‌كه‌ن.
باسی له‌وه‌شكرد، به‌هۆى ئه‌وه‌ى خه‌ریكن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى كاروبارى شه‌هیدانى هه‌ولێر جیاده‌كه‌نه‌وه، ئامارێكی وردى ئه‌و هاوڵاتیانه‌یان له‌به‌رده‌ست نییه كه به‌هۆى تۆپباران و بۆردومانه‌كانه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه، به‌ڵام ئامارێكى گشتى نافه‌رمى پێداین كه له سنوورى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران ئه‌وانه‌ى به‌فه‌رمی شه‌هیدن و لاى ئه‌وان تۆمار كراوه به نزیكه‌ى نۆ هه‌زار كه‌س ده‌بن.