گەنم ژەنگی کردووە

جوتیارانی راپەڕین ترسیان هەیە بێ بەرهەمی گەنم بن

964+

ژێوار خدر – راپەڕین

باران و سەرمای ئەمساڵ زەرەر و زیانێکی زۆری بە بەرهەمی گەنمی جوتیارانی دەڤەری بتوێن گەیاندووە، بەشێک لە جوتیارەکان لە ناوچەکانی قەرەنیاغا و هیزۆپ و کانیماران دەڵێن، ئەمساڵ بێ گەنم دەبن.

عومەر حەمە سوار یەکێکە لەو جوتیارانە و قسەی بۆ 964 کرد و وتی، من ئەمساڵ 40 دۆنم گەنمم داچاندبوو، بەڵام بەهۆی باران و سەرماوە هەموو گەنمەکەم ژەنگ لێیدا، و ناچار بووم هەموو زەوییەکەم بکێڵمەوە و بیکەم بە گوڵەبەڕۆژە، چونکە نەمدەتوانی گەنمەکە چارەسەر بکەم و دەرمانیش کاریگەری نەبوو لەسەری.

هەر ئەو نییە بەڵکو، عەباس بایز یەکێکی ترە لەو جوتیارانەی کە لە هیزۆپ و خدران 400 دۆنم زەوی بە گەنم داچاندووە و گەنمەکەی توشی هەمان نەخۆشی بووە، بە 964ـی وت، پێش رەشەبا و شەختەکە ئێمە گەنمەکەمان گەورە بوون و گەشەیان کردبوو دوای ئەو شەپۆلە سەرمایە وایکرد گەنمەکەمان توشی ئەو نەخۆشییە ببێت و وشک بێت.

ئەو جوتیارە وتیشی، توانیومانە لە رێگەی دەرمانی گەشە و کیمیاییەوە بەشێکی گەنمەکەمان رزگار بکەین، بەڵام ئەو بەرهەمەمان نابێت کە لە ساڵانی رابردوو هەمان بووە و بەرهەممان بەراورد بە ساڵی پار %80 کەم دەکات.

بارانبارینى ئه‌مجاره‌ سوود و زیانى به‌یه‌كه‌وه‌ هێ...

بارانبارینى ئه‌مجاره‌ سوود و زیانى به‌یه‌كه‌وه‌ هێنا

بەشێک لە جوتیاران لە رێگەی دەرمانەوە  چارەسەری نەخۆشییەکەیان کردووە و رایانگرتووە، ئەوە لە کاتێکدا بەپێی ئاماری کشتوکاڵی راپەڕین لە سنووری راپەڕین زیاد لە 190 هەزار دۆنم بە گەنم دادەچێنرێت و ساڵانە سەرووی 100 هەزار تەن بەرهەمی گەنم هەیە.

غازی فەتاح بەرپرسی بەشی پاراستنی رووەکی لە کشتوکاڵی راپەڕین هۆکاری سەرهەڵدانی نەخۆشییەکەی بۆ 964 روونکردەوە و وتی، ژەنگی گەنم نەخۆشییەکی کەڕووییە توشی زۆرێک لە بەرهەمەکان دەبێت یەکێک لەوانە گەنمە، ئەو ساڵانەی کە رێژەی باران زۆرە و پلەی گەرمی بۆ سەرهەڵدانی نەخۆشییەکە گونجاوە سەرهەڵدەدا.

جگە لە خودی نەخۆشییەکە و ئاو و هەوا، ئەو گەنمانەی کە زوو باڵایان کردووە و زۆر پڕ و قەرەباڵغن، وە ئەو تۆوانەی کە بەرهەڵستییان نیە بۆ نەخۆشیەکە و بەرگریانن کەمە، زیاتر نەخۆشییەکە تێیاندا سەر هەڵدەدا، عەباس محەمەد وای وت.

باسیلەوەشکرد، بەشێکی ئەو بەرهەمانەی توشی ئەو نەخۆشییە بوون، ئەوانەن کە پێش بارانی پەڵە چێندراون و لە زستانی ئەمساڵدا سەرما و بەستەڵەکێکی ئەوتۆ نەبووە گەنمەکان لە گەشە بکەون، ئەمەش وایکردووە گەنمەکە زۆر باڵا بکات و گەورە بێت، لەم دواییەشدا بۆ ماوەی دوو هەفتە لەسەر یەک بارانی زۆر باریوە و ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی نەخۆشییەکە و ئەگەر بێت و باران بارین بەردەوام بێت و پلەی گەرمیش بەرز نەبێتەوە ئەوا نەخۆشییەکە زیاتر بڵاو دەبێتەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا