سەنتەرەکەی دهۆک چیتر منداڵی ئوتیزم وەرناگرێت

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

سەنتەرە تاقانەکەی ئۆتیزم لە شاری دهۆک پڕبووە لە منداڵان، ئەمە لەکاتێکدایە پێنج سەنتەری ئەهلی تایبەت بە توشبووانی ئوتیزم هەن، بەڵام بەهۆی گرانی نرخەکانیان کەسوکاریان ناتوانن منداڵەکانیان ببەنە ئەو سەنتەرانە.

سەگڤان جەمال، بەڕێوەبەری سەنتەری ئوتیزم سەر بە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی لە شاری دهۆک بە 964ی وت، 90 منداڵی توشبووی ئوتیزمیان وەرگرتووە، سەنتەرەکە پڕبووە و ناتوانن یەک توشبووی تر وەربگرن.

ئەو هۆکارەکەی بۆ کەمی ستافی سەنتەرەکە گەڕاندەوە و وتی، هەموو ستافەکانیان 35 کەسن “بەڵام پێویستمان بە 10 کەسی دیکەی پسپۆڕ هەیە”.

سەگڤان جەمال ئاماژەی بەوەشدا “ئەگەر دەرگای گواستنەوەی فەرمانبەرانی سەنتەرەکە بکەمەوە، ئەوا زۆرینەیان داوای گواستنەوە دەکەن چونکە ئێمە هیچ دەرماڵەیەکی مەترسیمان نییە، زۆر جار توشبووانی ئۆتیزم بۆکس و شەق لە فەرمانبەرەکانم دەدەن، یان پرچیان رادەکێشن، لە هەمانکاتدا بەرپرسیارێتی سەرجەم منداڵەکانمان لەسەرشانە”.

لە سنوری پارێزگای دهۆک تەنیا یەک سەنتەری حکومی ئۆتیزم هەیە کە لە ساڵی 2013 کراوەتەوە، لەگەڵ پێنج سەنتەری ئەهلی.

رەیان سادق، بەرپرسی سەنتەری هێڤی ئەهلی تایبەت بە منداڵانی ئۆتیزم لە شاری دهۆک بە 964ی وت، نرخی وەرگرتنی منداڵانی ئوتیزم بەپێی جۆری مانەوەیە، لە 250 تاوەکو 400 هەزار دینار دەڕوات.

وتیشی “ئێمە ناچارین ئەو بڕە پارەیە وەربگرین، چونکە خەرجیەکی زۆر لەسەرمانە، بە نموونە تەنیا موچەی پزیشکێک هەزار دۆلارە، جگە لە کریێ بینایە و ئاو و کارەبا، تەنیا کرێی کارەبا مانگی رابردوو 600 هەزار دینار بووە”.

ئۆتیزم نەخۆشییەکە کار دەکاتە سەر گەشەکردنی مێشک لە منداڵدا و دەبێتە هۆی تێکچوونی توانای پەیوەندیکردن و هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ دەوروبەردا.