کارکردن لە بۆرییەکی شکاوی ئاو لە شەقامێکی سلێمانی - وێنە :964
لە سلێمانی
کرێکاری بنکە چاکسازییەکانی ئاو مانیان گرتووە و کار ناکەن
964+
پێشەوا محەمەد
نزیکەی 50 کرێکاری سەر بە بنکەی چاکسازییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بەهۆی کەمکردنەوەی پارەکانیان زیاتر لە مانگێکە لە کارکردن وەستاون.
ئەو کرێکارانە کارمەندی دامەزراو نین، بەڵام رۆژانە و لە کاتی دەرچوونیان بۆ چاککردنەوەی بۆرییە شکاوەکان پێشتر بۆ هەر رۆژێک کارکردن بڕی 25 هەزاری دیناریان بۆ هەژمار دەکرا، بەڵام ئێستا بۆ 15 هەزار دینار کەمکراوەتەوە.
تاڵیب ئەحمەد، بەرپرسی بنکەی چاککردنەوەی شکاویی کوردسات، کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانییە بە 964ـی راگەیاند، ئەو کارمەندانە داوای زیادکردنەوەی پارەی کارکردنەکەیان دەکەنەوە و بەو هۆیەشەوە زۆر بە کەمی کار دەکەن و نیگەرانن لە کەمکردنەوەی رۆژانەکەیان.
وتیشی، “داواکارییەکەیان بەرزکراوەتەوە و وا بڕیارە وەڵامیان بدرێتەوە و ئەگەرێک هەیە رۆژانەکەیان بۆ زیاد بکرێتەوە”.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی لەناو شاری سلێمانی خاوەنی 11 بنکەی چاکسازییە و هەر بنکەیەک دوو یان سێ کرێکاری تایبەت بە خۆی هەیە.
“بەبێ کارکردنی ئەو کرێکارانە ئیشوکاری بنکە چاکسازییەکان وەک پێویست ناکرێن و ساڵانێکیشە ئەو کرێکارانە ئەزموونی ئیشەکەیان وەرگرتووە و شارەزان”، تاڵیب ئەحمەد وای وت.