"تكایه‌ ئه‌م نه‌مامه‌ بچێنه‌"

له‌ رواندز و خانكێ له‌ ده‌رگاى ماڵان درا و نه‌مامیان پێدرا

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ دوو چالاكی فراوان، به‌ڵام له‌ دوو شوێن و بۆنه‌ى جیاواز، له‌ ده‌رگاى ماڵان دراوه‌ و نه‌مامیان پێداون بۆ چاندن، پێیان وتوون “تكایه‌ ئه‌م نه‌مامه‌ بچێنن”.

چالاكی یه‌كه‌میان له‌ سه‌نته‌رى قه‌زاى رواندزى سه‌ر به‌ ئیداره‌ى سۆران، به‌ بۆنه‌ى رۆژى ژینگه‌ى په‌روه‌رده‌ ژماره‌یه‌كی زۆر نه‌مام چێندراون و به‌شێكیش درانه‌ ماڵه‌كان و كاری پاككردنه‌وه‌ش له‌ هه‌شت قوتابخانه‌ ئه‌نجام دراوه‌.

هه‌ژار ماهیر، به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى سۆران، به‌ 964ـى وت، ویستیان چالاكی ئه‌م بۆنه‌یه‌یان له‌ مانگى ره‌مه‌زان جیاواز بێت.

وتیشی “له‌گه‌ڵ هه‌ر نه‌مامێك نووسراوێكیشمان ده‌دایه‌ ماڵه‌كان و لێمان نووسیبوو، تكایه‌ ئه‌م نه‌مامه‌ بچێنه‌ و پارێزگارى له‌ ژینگه‌ بكه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، هه‌ر ماڵێك له‌ ماڵیش نه‌بوونایه‌ نه‌مام و نووسراوه‌كه‌مان بۆ جێده‌هێشتن و ده‌یانه‌وێت كلتوورى نه‌مام چاندى بگۆڕن و فروانترى بكه‌ن.

باسی له‌وه‌ش كرد چه‌ند سمینارێكیشیان هه‌ر له‌سه‌ر گرنگى ژینگه‌ له‌ ناوه‌نده‌كانى خوێندنى رواندز پێشكه‌ش به‌ قوتابیان كردووه‌.

له ‌سنوورى ناحیه‌ى خانكێی سه‌ر به‌ قه‌زاى سێمێلیش گروپ و تیمه‌كانى ژینگه‌پارێزى، كۆڵان به‌ كۆڵانى ناحیه‌كه‌ گه‌ڕان و نه‌مامیان دابه‌شی سه‌ر ماڵه‌كان كرد.

چالاكییه‌كه‌ى خانكێ له‌ پێناو زیاتر سه‌وزكردنى ناحیه‌كه‌یان بوو و ماوه‌یه‌كه‌ خه‌ریكی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ن.

تیمێكى ژینگه‌ى عێراق پشكنین بۆ خاك و ئاوى هه‌ڵه‌بجه‌...

تیمێكى ژینگه‌ى عێراق پشكنین بۆ خاك و ئاوى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كات