دووەم رۆژە بەو شێوەیەیە

کارەباکەی پێنجوێن خەڵکی هێناوەتە سەر جادەو دەڵێن قبووڵی ناکەین

ئەحمەد محەمەد -پێنجوێن

دووەم رۆژە لەسەر یەک بەشێکی خەڵکی پێنجوێن خۆپیشاندان بەڕێوە دەبەن و دەڵێن ناهێڵن پێوەری زیرەکیان بۆ ببەسترێ، چونکە ئەوان بەهۆی سەرماوە کارەبا زۆر سەرف دەکەن و ئەو هەموو پارەیە بەوان نادرێت.

چەند ساڵە پێنجوێن کێشەیەکی ئەوتۆی کارەبای نییەو کارەباکەیان 24 کاتژمێرییە،ئێستا پلان هەیە کارەباکەیان بچێتە سەر پرۆژەی رووناکی و پێوەری زیرەکیان بۆ ببەسترێت، خەڵکەکەش ناهێڵن.

فاتیح عومەر ئەندامی دەستەی خۆپیشاندەرانی پێنجوێن قسەی بۆ پەیامنێری 964 کردو وتی ”دەبێ حیسابی جیا بۆ ئێمە بکرێت، چونکە ناوچەکەمان ساردەو ئەگەر بە پرۆژەی رووناکی بێت دەبێ مانگی تا 400 هەزار دینار بدەین”.

خەڵکەکە رێی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانیان گرتووەو دەڵێن ناهێڵین تێپەڕین، جا ئەوێش شارێیەکی سەرەکی بازرگانییە بە تایبەت کە هەردوو مەرزی باشماخ و سەریرانبەنی بەسەرەوەیە.

وشیار مەلا نامیق یەکێکە لە خۆپیشاندەرەکان بە 964ی وت ”خەڵکی هەم هاتوونەتە سەر شەقام و هەم دوکان و بازاڕیان داخستووە، ئێمە رێگە نادەین بەزۆر ئەو سیستەمەمان بەسەردا بسەپێنن”.