پێنجیان منداڵن
رووداوێکی هاتوچۆ لە رێگەی تەکیە – چەمچەماڵ هەشت برینداری لێکەوتەوە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
کەمێک بەرلەئێستا لەسەر رێگای نێوان تەکیە – چەمچەماڵ رووداوێکی هاتوچۆ روویداوە و هەشت برینداری لێکەوتووەتەوە.
رووداوکە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری پیکاب میسۆبۆشی و کیای جۆری مۆهاڤیدا روویداوە.
شەریف رەحیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ بە 964ـی راگەیاند، رووداوەکە هەشت برینداری لێکەوتووەتەوە، پێنجیان منداڵی خوار 11 ساڵانن.
وتیشی، “تەندروستیی دوو لە بریندارەکان ناجێگیرە و بەپەلە رەوانەی سلێمانی کراون”.
عومەر عەلی، بەڕێوەبەری هاتوچۆی چەمچەماڵ بە 964ی راگەیاند، پیکابەکە دوو کەسی بیانی تێدابووە لە کارگەی غازی کۆرمۆرەوە هاتبوون و ئۆتۆمبێلەکەی دیکە چوار ژن و پێنج منداڵی تێدا بووە.
وتیشی، “شۆفێری یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان ژنە و چووەتە سایدی بەرامبەری و بەوهۆیەوە رووداوەکە رویداوە”.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی