نەوتى رەش تێکەڵ بە ئاوەکە بووە

تا ئێستا پڕۆژەى ئاوى دوکان سلێمانى نەکەوتووەتەوە کار

964+

وریا فەتاح

24 کاتژمێر تێدەپەڕێت و تائێستا پڕۆژەى ئاوى دوکان سلێمانى نەکەوتووەتەوە کار، ئەوەش دواى ئەوەى بەهۆى رووداوێکى هاتووچۆ کە شەوى رابردوو لە نێوان دوو تانکەر روویدا و سوتەمەنیان هەڵگرتبوو، نەوتى رەش تێکەڵ بە ئاوى دوکان بوو.

شارەوانى دوکان بڵاوى کردەوە، بەهۆى پاشماوەى رووداوەکەى شەوى رابردوو کە نەوتى تانکەرەکان تێگەڵ بە ئاوى دوکان بووە، تائێستا پڕۆژەى ئاوى دوکان سلێمانى نەکەوتووەتەوە کار.

دەشڵێت: تا پاشماوەى سوتەمەنییەکە لە ئاوى زێى دوکاندا بمێنێت، پڕۆژەکە ناکەوێتەوە کار.

رووداوەکە جگە لەوەى پڕۆژەى ئاوى دوکان سلێمانى پەکخست، بۆ ماوەیەکى کاتى کارەباى بەشێکى دوکانیشى بڕى و زیانى بە ژمارەیەک داریش گەیاند کە کەوتبوونە شوێنى رووداوەکە.

رووداوەکە شەوى رابردوو لە نێوان دوو تانکەر کە سوتەمەنیان هەڵگرتبوو روویدا و بەهۆیەوە هەردوو تانکەرەکە سوتان و شۆفێرى یەکێک لە تانکەرەکانیش بریندار بوو.

ئەمڕۆش تیمەکانى شارەوانى و کۆمپانیاى شکار و فەرمانگەى ئاو و بەرگرى شارستانى، شوێنى رووداوەکەیان لە گەڕەکى فەرمانبەرانى قەزاى دوکان پاککردەوە کە پاشماوەى نەوتى رەش و سوتانى تانکەرەکانى تێدا کۆببوەوە.

پێکدادانى دوو تانکەرەکەى دوکان ئاو و کارەباى بڕى

پێکدادانى دوو تانکەرەکەى دوکان ئاو و کارەباى بڕى