وەزارەتی کارەبا:

“بارگرانی سەر شانی هاوڵاتیان لادەبەین و وەزعی کارەبا باش دەکەین”

شۆڕش قادری

حکومەتی هەرێم دەیەوێ بە داشکاندنی 50٪ بۆ قەرزی کۆنی کارەبا، بارگرانی سەر شانی هاوڵاتیان سووک بکات و وەزعی کارەباش باش بکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 23.9.2026 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا و لە کۆبوونەوەکەدا جگە لە تاوتوێکردنی بابەتی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ کران و بڕیاریشدرا ماوەی لێخۆشبوون بۆ 50٪ـی قەرزی کۆنی کارەبا تا 18ـی مانگی داهاتوو درێژ بکرێتەوە.

بەپێی بڕیارەکە لە سبەینێ پێنجشەممەوە تا 18ـی مانگی داهاتوو هاوڵاتیان دەتوانن قەرزە کۆنی کارەبا واتە پارەی کارەبای پێش پڕۆژەی رووناکی بدەنەوە، بە داشکاندنی 50٪ بۆ هاوبەشانی ماڵان و دوکان و شوێنە بازرگانییەکانیش 25٪ داشکاندنیان بۆ دەکرێت.

خۆ ئەگەر لەو ماوەیەدا خۆیان نەگەینن و قەرزەکەیان نەدەنەوە، ئەوا بۆیان دەکرێت بە قیست و بێ داشکاندن دەچێتە سەر پسوڵەی پڕۆژەی رووناکی، بەپێی پارەکەیان کەم و زۆر دەبێ لە 6 بۆ 24 مانگ بیدەنەوە.

وەزارەتی کارەبای هەرێم دەڵێت، ئامانج لەو بڕیارە لە لایەکەوە سووککردنی بارگرانیی دارایی لەسەر هاوڵاتیان و هاندانیانە بۆ یەکلاییکردنەوەی قەرزە کۆنەکانە و لە لایەکی دیکەشەوە، زیادکردنی توانای داراییی وەزارەتی کارەبایە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بەرهەمهێنان، لەوانە کڕینی غازی سروشتی و بەردەوامیدان بە خزمەتگوزاریی کارەبا، واتە داهاتی بەدەستهاتوو جارێکی دیکە بۆ دابینکردن و باشترکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا خەرج بکرێتەوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کارەبا، لە کۆی دوو ملیۆن هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، هێشتا نزیکەی 800 هەزار هاوبەش قەرزی کۆنی کارەبایان لەسەرە.