پێش جەژن تەواو دەکرێت

بەبێ زانینى گوژمەى تیچوونەکەى کۆڕنیشەکەى زاخۆ نۆژەن دەکرێتەوە

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

ئیدارەى زاخۆ نازانن چەند زیان بە کۆڕنیشەکەى زاخۆ گەیشتووە، بە بێ زانینى گوژمەى تێچوونەکەشى نۆژەنى دەکەنەوە و دەڵێت، پێش جەژن بەڕووى گەشتیاراندا دەکرێتەوە.

دوای بارن بارینەکانی 18.3.2024 و دروستبوونی لافاو لە زاخۆ، زیانی زۆر بەر هەموو ئەو شوێنانە کەوتبوون کە دەکەونە سەر لێواری خابوری زاخۆ، کۆرنیشەکەی زاخۆش بەدەرنەبوو لەو شوێنانە کە زیانی زۆری بەرکەوتبوو بەشێوەیەک کۆرنیشەکە بەتەواوی ژێرئاوکەوتبوو.

ئیدارەى زاخۆ دەستى کردووە بە نۆژەنگردنەوەى کۆڕنیشەکە و نیازیان وایە پێش جەژن تەواو ببێت و بەڕووى گەشتیاراندا بکریتەوە.

هێژا محەمەد، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ بە 964ـى وت،”نە دەزانین چەند زیان بە کۆڕنیشەکە گەیشتووە نە دەشزانین بۆ نۆژەنکردنەوەى چەندى پێویستە، بەڵام دەستمان بە نۆژەنکردنەوە کردووە و دەمانەوێت لە جەژندا بەڕووى گەشتیاراندا کراوەبێت”.

ئیدارەى زاخۆ نیازیان نیە لە نۆژەنکردنەوەکەدا دەستکارى دیزاینى پڕۆژەکە بکەن، بە وتەى هێژا محەمەد، کۆڕنیشەکە بە رێکوپێکى دروستکراوە پێویست بەوە ناکات گۆڕانکارى تێدا بکرێت، تەنیا ئەوە نەبێت ئەگەر دارێک شکابێت یان لە شوێنێک زیانى بەرکەوتبێت چاکى دەکەنەوە.

کۆرنیشەکەی زاخۆ دەکەوێتە سەر لێواری رووبارى خابور تەنیشت پردی دەلال، بەهەردوو لایی خابوردا نزیکەی یەک کیلومەتر درێژدەبێتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

پردى دەلال لە زاخۆ بۆ نەڕووخا؟

پردى دەلال لە زاخۆ بۆ نەڕووخا؟