لە لافاوە بەهێزەکەى شەوى رابردوو

پردى دەلال لە زاخۆ بۆ نەڕووخا؟

964+

وریا فەتاح

سەرەڕاى ئەوەى شەوى رابردوو کەمتر لە سێ مەترى مابوو لافاوەکە بگاتە لوتکەى پردەکە، بەڵام بەهۆى پتەوى و شێوە ئەندازەییەکەیەوە، پردى دەلال لە زاخۆ بەرگەى گرت و نەڕووخا.

لە بارانەکەى شەوى رابردوودا کە بووە هۆى دروستبوونى لافا و بەرزبوونەوەى ئاستى ئاو، مەترسى لەسەر پردى دەلال لە زاخۆ دروستبوو و ئەگەر هەبوو بەرگە نەگرێت و بڕوخێت، محەمەد ئەحمەد، بەڕێوەبەرى شوێنەوارى زاخۆ بە 964ـى وت،” ئەندازەى پردى دەلال زۆر سەرسوڕهێنەرە، بەشى پێشەوە و پشتەوەى راگرى هەیە ئەمە هۆکارە کە لافاوەکە نەیتوانى زیانى پێ بگەیەنێت”.

بەرزى لوتکەى پردەکە 18 مەترە، بەڵام 15 مەتر ئاستى ئاوەکە بەرز بووەوە و تەنیا سێ مەتر مابوو ئاو بگاتە لوتکەى پردەکە و بەشێکى پردەکەشى داپۆشى، بەڵام بە وتەى بەڕێوەبەرى شوێنەوارى زاخۆ، زیان بە پردەکە نەگەیشتووە و هیچ درز و رووخانێکى نەبووە.

سەعید زەرڤان، شارەزایى مێژوویى و نوسەر کە کتێبێکى لەبارەى پردەکەوە نوسییوە بە 964ـى وت،”بەم دواییە شیکارى بۆ مێژووى پردەکە کراوە، 450 بۆ 520 ساڵ پێش زاین و لەسەردەمى رۆمانییەکان دروستکراوە، کە گرنگترین پێکهاتەى ئەندازییارى ئەو سەردەمە لەخۆى دەگرێت و بناغەکەى لە بەرد دروستکراوە و زۆر تۆکمەیە”.

سەعید زەرڤان باسى لەوەکرد، ساڵى 1967 بەشێک لە پردەکە زیانى بەرکەوت بەهۆى لافاوەوە، بەڵام تائێستا پردەکە نەڕووخاوە.

پردەکە زیاتر لە چوار جار نۆژەنکراوەتەوە، وەک ئەوەى ئەو نوسەرە لە کتێبەکەیدا ئاماژەى پێکردووە، ساڵى 1935 نۆژەنکراوەتەوە و بەردى نوێیان بۆ داناوە، ساڵى 1970 بەشى رۆژئاواى پردەکە نۆژەنکرایەوە، ساڵى 2017 بەشى رۆژهەڵاتى نۆژەنکرایەوە.

لە نۆژەنکردنەوەکانى پێشتردا ئەو مادانە بەکارهاتوون کە بوونەتە هۆى لەدەستدانى هێما شوێنەواییەکانى، بەڵام لە کۆتا نۆژەنکردنەوەیدا کە لەساڵى 2018 بوو، لە رێگاى چەندین تیمى پسپۆڕ و بە راوێژ لەگەڵ زانکۆیەکى تایبەتمەندى ئیتاڵى و بە شێوەیەکى زانستیانە نۆژەنکردنەوەى پردەکەى دەستپێکرد و سیماى راستەقینەکەى بۆ گەڕایەوە

“هەموو جارەکانى پێشتر بەشێک لە پردەکە نۆژەنکراوەتەوە، بەڵام لە کۆتا نۆژەنکردنەوەیدا هەموو پردەکە نۆژەنکرایەوە و ئەوەش هۆکارێکى سەرەکى بوو کە پردەکە بەرگەى لافاوەکەى شەوى رابردووى گرت”، بەڕێوەبەرى شوێنەوارى زاخۆ واى بە 964 وت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەى رابردوودا بەهۆى دروستبوونى لافاوەوە چەندین پرد لە هەرێمى کوردستان رووخان کە بودجەیەکى زۆر لە دروستکردنیان خەرجکراوە و پێکهاتە ئەندازییارییەکانیشیان بە شێوەى مۆدێرن بوون.

پردی دەلال دەکەوێتە شاری زاخۆ لەپارێزگای دهۆك، بەرزیی پردی دەلال 15 بۆ 18 مەترە و لوتکەى پردەکە 18 مەترە،  درێژییەکەی 114مەترە، پانییەکەى نزیکەی 3 مەترە.

تا 10 رۆژی دیکە بە تەمای کۆرنیشی پردی دەلال مەبن

تا 10 رۆژی دیکە بە تەمای کۆرنیشی پردی دەلال مەبن