15ی نیسان له كۆشكی سپی ده‌بێت
ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنی بایدن و سودانی چی ده‌بێت؟
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
كۆشكی سپی رایگەیاند، لە 15.4.2024 سه‌رۆكی ئه‌مریكا جۆ بایدن پێشوازی له محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ده‌كات و رێككه‌وتنی ستراتیژی واژۆ ده‌كرێت.
كۆشكی سپیی له به‌یاننامه‌یه‌كدا شه‌وی رابردوو بڵاویكرده‌وه، بەشێك لە تەوەره‌كانی كۆبوونەوەی نێوان بایدن و سودانی گفتوگۆكردن ده‌بێت لە بارەی دۆلار و چاكسازیی دارایی وڵات و لە پێناو گەشەسەندنی ئابووری عێراق و گفتوگۆكردنیش لە بارەی ئەركی هاوپەیمانان و هاوكاریی دوولایەنە بەشێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه دەبێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی رێككه‌وتنێكی ستراتیژی له نێوان هه‌ردوولا واژۆ ده‌كرێت.
به پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له راگه‌یاندراوی نووسینگه‌ی سودانیش ئاماژه‌ی پێكراوه، رێككه‌وتنه‌كه له بواره‌كانی سیاسی، ئابووری، ئاسایش، دارایی، رۆشنبیری و په‌روه‌رده‌یی ده‌بێت.
محه‌مه‌د شیاع سودانی، یه‌كه‌مجاره سه‌ردانی كۆشكی سپی ده‌كات و له 19.9.2023 له لایه‌ن ئه‌نتۆنی بلینكنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، بانگهێشتنامه‌ی پێشكه‌ش كرا، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی واشنتن بكات.