ساتی دروستبوونی لافاوەکەی دهۆک - وێنە: 964
بۆ دهۆک و زاخۆ
حکومەتی هەرێم قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاو دەکاتەوە
964+
توانا نەقی
پارێزگای دهۆک بڕیاریاندا قەرەبووی ئەو کەسانە بکەنەوە کە لەلافاوەکەی دوێنێدا زیانیان بەرکەوتووە.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارێزگاری دهۆک لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بڕیاری ئەوە دراوە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەرجەم ئەو هاوڵاتی و شوێنانەی زیانیان بەرکەوتووە لە لافاوەکە قەرەبوو بکرێنەوە.
964 بۆ زانینی شێوازی قەرەبووکردنەوەکە و کاتی دابەشکردنەکەی پەیوەندی بە میلەت عیسمەت سکرتێری رۆنامەوانی پارێزگاری دهۆکەوە کرد و وتی، بڕیاری قەرەبووکردنەوەکە دراوە بەڵام ئاماژەی بەوە نەکرد بە چی شێوازێک دەکرێت و کەی دەست پێدەکات.
ئەوە لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ گەیاندنی فریاگوزاری بۆ زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی دهۆک دەستپێدەکەن.
نوسینگەی مەحمەد شیاع سودانی رایگەیاند، بەهۆی کاریگەری شەپۆلە بەهێزەکەی دوێنی، پارێزگای دهۆک زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، وەزارەتی ناوخۆ راسپێردراوە بۆئەوەی هەرچەشنە هاوکارییەک پێویست بوو دابین بکرێت.
لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی کارەبا بڕیاریدا بە زیادکردنی 75 مێگاوات کارەبا بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی لافاوەكەی دهۆك و زاخۆ.