رووداوێکی دیکە لە کەرکوک
ئۆتۆمبێلک سووتا و شۆفێرەکەی سەلامەتە
کاروان ساڵحی-کەرکوک
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە18.5.2026 لە گەڕەکی پەنجا عەلی لە کەرکوک ئۆتۆمبێلێکی جۆری مازدا گڕی گرت و بە تەواوی سووتا، جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانیی نەبوو.
سەرچاوەیەک لە ئاگرکوژێنەوەی کەرکوک بە 964ـی وت، لەسەر شەقام و شۆستەکان بە دەبە بەنزین دەفرۆشرێت، ئەو ئۆتۆمبێلە ویستویەتی بگەڕێتە دواوە و بەگی وەرگرتووە، دەبەیەک بەنزین کەوتووەتە ژێر ئۆتۆمبێلەکە و دەست بەجێ گڕی گرتووە.
وتیشی، دەستبەجێ ئاگرەکە لە لایەن هاوڵاتیان و تیمی ئاگرکوژێنەوە کۆنتڕۆڵ کرا، تەنیا زیانی ماددی لێ کەوتەوە و بە تەواوی سووتا، شۆفێرەکەی سەلامەتە و ئاگرەکە زیانی بۆ دەوروبەریشی نەبوو.
لەم ماوەیەی رابردوودا چەند رووداوێکی نەخوازراوی یەکبەدوای یەک لە کەرکوک روویانداوە و جۆرێک لە نیگەرانی و گومانی لای هاوڵاتیان دروست کردووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا